باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق بۆ کوردستان24: پاڵپشتی لە چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین

هانس ساندی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق رایگەیاند
هانس ساندی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق رایگەیاند

K24 – هەولێر:

هانس ساندی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەڵێت، هۆڵەندا پشتیووانی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات و دەبێت هەنگاوی خێرا بۆ جێبەجێکردنی بگیرێنەبەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2023) هانس ساندی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق رایگەیاند، "کاتێک دێینە سەر ئاسایشی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان، ئێمە پابەندین و هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبن، هەروەها ئێمە پابەندین و پاڵپشتی لە چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین"

ئاماژەی بەوەشدا، بەرەوپێشچوونەکان لە چاکسازی هێزی پێشمەرگە سنووردارە، هەر وەک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی پێدا، ئەو بەرەوپێشچوونانە بەس نین و دەبێت هەنگاوی خێرا و زیاتر بگیرێنەبەر، ئەوەش لە بەرژەوەندی پێشمەرگەیە.

باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق ئاماژەی بەوەشدا، سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستانیش هاوکارییەکانیان بەردەوام دەبن.

پێشتریش مایڵز کاگینز، گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، سەرکردەکان لە واشنتن پێداگری دەکەن لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، مەرجی بەردەوامی هاوکاری سەربازیان بۆ پێشمەرگە تەنیا ئەوەیە دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە یەک بگرنەوە، "هەروەها زۆر گرنگە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هەموو سەرکردەکان وزەی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت".

مایڵز کاگینز، گوتبووشی: لە پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئێمە هەندێک بەرەوپێشچوونی باشمان بینیوە، بۆ نموونە دوو لیوای پێشمەرگە یەکخراوەتەوە کە ئەمەش گونجاوییەک دروستدەکات بۆ ئەوەی بچنە قۆناغێکی دیکەوە، ئەم سیستەمە کۆنەی کە وەزارەتی پێشمەرگە هەیەتی دابەش کراوە بۆ هەشت بەش، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیانەوێت کاری لەسەر بکەن سیستەمێکی نوێ و سەردەمیانەیە، هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت بە شێوەیەک هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە دابنرێت کە زۆر سەردەمیانە بێت.