تیپی باواجی کۆیە پایتەختی بە میوزیک رازاندەوه

K24 - هەولێر:

تیپی میوزیکی باواجی، ئەمساڵ پێ دەنێته نێو 70 ساڵ و یەکەم ئێوارە کۆنسێرتی لە هەولێر لە هۆڵی رۆشنبیری هەولێر ساز کرد و چەپکێک گوڵی لە گڵکۆی جان تۆماس و باکوری و باب سەردار دا، کە ساڵانێکی زۆر لە شارەکەی حاجی قادر، ئەلف و بێی پێشکەش بە گەنجانی ئەو ناوچەیە و سەرانسەری کوردستان کردووه و بوونەتە فێرگەیەکی میوزیک و راچڵەکاندنی ئارەزوومەندانی بواری گۆرانیی و میوزیک لە دەڤەرەکەدا.

ئێوارەیەکی پڕ لە گۆرانی و میوزیک

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە دواین چالاکیی خۆیدا، ئێوارەیەکی پڕ لە میوزیک و گۆرانی رەسەنی بۆ هونەرمەندانی تیپی باواجی کۆیە رێکخست، کە تا درەنگانی ئێوارە هەولێر ئاوێزانی چەردەیەک لە گۆرانیە رەسەنەکان بوو، کە گەڕانەوەیەک بوو بۆ ئەو هونەرە زیندووەی کە ئێستا بووەتە رێچکەیە بۆ ئەو هونەرمەندانەی پێیدا تێپەڕ دەبن.

70 ساڵ لە باوەشی هونەردا

تیپی باواجی کۆیە، وەک تیپێکی هونەری رەسەن و خاوەن دەیان بەرهەمی نەمر بۆ باکووری فێرگەیەکی ئەلف و بێ میوزیکی کوردی لە کۆیە و تەواوی کوردستاندا، کە مێژووێکی پڕ لە سەروەری هەیە بۆ رۆشنکردنەوەی ژیان لە کوردستاندا و هونەری ئەو تیپەش پەڕیووەتەوە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان.

چەپکێک گوڵی وەفا بۆ رۆحی جان تۆماس و باب سەردار و باکووری

لە دەسپێکی کارە هونەرییەکانی تیپەکە، "ئومێد خۆشناو" پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ "فەرهەنگ غەفوور" بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، چەپکێک گوڵیاندا لە یەخەی باب سەردار و جان تۆماس، کە نیو سەدە لەو تیپەدا خزمەت و داهێنانیان پێشکەش بە هونەری کردووە و ئاوازی رەسەنیان بۆ خاڵە تاهیر و شەماڵ سائیب و چەندین هونەرمەندی دیکە سازکردووە.

ئازیتا لوقمان قوتابیە دەنگ زوڵاڵەکەی کۆیە و بە هونەر هەولێر دەڕازێنێتەوە

ئازیتا لوقمان وەک بچووکترین ئەندامی تیپەکەیه، بە چریکەی بولبولی دەستی کردەوە، بە چڕینەوەی گۆرانییە رەسەنەکانی ئەم تیپە، کە چەندین شاکاری جوانی لە ئامێز گرتبوو، بەتایبەت گۆرانیەکانی تاهیر تۆفیق، کە بوونەتە دەروازەیەک بۆ هەڵکەوتنی هونەرمەندی نوێ و لەسەر هەمان ریتم رێدەکەن بەرەو سەرکەوتن و گەیشتن بە خەونەکانیان.

وریا ئەحمەد و زاهیر محمەد خەڵات کران 

خەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەخشرایە ئەو هونەرمەندانەی کە وەک شۆڕشگێڕێک لە مەیدان بوون، بۆ پێشخستنی هونەری کوردی لە قۆناغێکدا کە هێشتا هیچ لایەنێکی تەواو لەخۆی نەگرتبوون و سەپۆرتی نەدەکردن، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام بوون لە خزمەتی هونەری کوردی دا، بۆیە خەڵاتی وەزارەت بەخشرایە وریا ئەحمەد و وریا قادر و زاهیر محەممەد وەک دەستەیەک لە دامەزرێنەرانی ئەو تیپە.

ف
گ