لە ئەڵمانیا هاووڵاتییەکی عێراقی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە داعش" دەستگیردەکرێت

لە ئەڵمانیا هاووڵاتییەکی عێراقی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە داعش" دەستگیردەکرێت
لە ئەڵمانیا هاووڵاتییەکی عێراقی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە داعش" دەستگیردەکرێت

K24 - هەولێر

داواکاریی گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا هاووڵاتییەکی عێراقی "بەتۆمەتی ئەندامبوون لە داعش" دەستگیردەکات و دەڵێت، "خراوەتە زیندان تا ئەو کاتەی دادگایی دەکرێت".

رۆژی چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، داواکاریی گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا، کە بەرپرسە لە دۆسییەکانی تیرۆر، لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی عێراقی لەو وڵاتە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، "گومانی لێ دەکرێت ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بێت".

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، ئەو هاووڵاتییە عێراقییە کە ناوی (ع. ج. س.)ـە، لە شاری فوپرتاڵی رۆژئاوای ئەڵمانیا دەستگیرکراوە، بەڵام ئاماژە بە تەمەن و کاتی سەردانی تۆمەتبارەکە بۆ ئەڵمانیا نەکراوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، "تۆمەتبارەکە لە بەردەم دادوەر ئامادەبووە و دواتر دەستبەجێ خراوەتە زیندان تا ئەو کاتەی دادگایی بکرێت".

داواکاریی گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەدات، "گومان لەو هاووڵاتییە دەکرێت سەر بە رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی بێت بەتایبەت داعش و بەشداری کردبێت لە تاوانەکانی جەنگ لە شێوەی کوشتن، ئەشکەنجەدان و کردەوەکانی دیکەی سزادان بەبێ ڕەچاوکردنی رێنماییە یاساییەکان".  

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "لە نێوان مانگەکانی حوزەیران بۆ ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، هاووڵاتییە عێراقییەکە دوو جار بەشداری کردووە لە کردەوەی سزادانی گشتی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەی (قائیم)ـی ئەنبار ئەنجامی داون".

داواکاریی گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا دەڵێت: "لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا، لانیکەم شەش زیندانی کە لەلایەن جیهادییەکانەوە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو و بڕیاربوو بکوژرێن؛ تۆمەتبارەکە (هاووڵاتییە عێراقییەکە) یەکێک لە زیندانییەکانی بردووەتە شوێنی لەسێدارەدان و فەرمانی لەسێدارەدانی زینداییەکەی جێبەجێکردووە".

لە حاڵەتێکی دیکەدا "تۆمەتبارەکە کاتێک چەکی پێ بووە دەستی یەکێک لە دزەکانی بڕیوە" و "لە پاییزی 2014 لەگەڵ هەندێک ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کەسێکیان لە ناوچەی قائیمی ئەنبار دەستگیرکردووە و بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کردووە و ئەشکەنجەیان داوە تا زانیاری لێ وەربگرن".

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا حکومەتی ئەڵمانیا لە ژێر پرەنسیپی "دەسەڵاتی دادوەری گشتی" کە رێگەی پێ دەدات هەندێک تاوانی گەورە دادگایی بکات بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ تاوانەکان ئەنجامدراون؛ بەدواداچوونی بۆ ژمارەیەکی زۆری ئەو ئەندامانەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووە کە تاوانی جەنگییان ئەنجام داوە و دادگایی کردوون.

لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە رێگەی وڵاتانی دراوسێی عێراقەوە دزەیان کردووەتە نێو وڵاتانی ئەوروپا ئەمەش بە بەکارهێنانی ئەو بڕە پارە و مۆڵک و سامانەی لە پارێزگاکانی مووسڵ، تکریت و ئەنباری عێراق دوای هەڵاتنی دانیشتووانی ئەو پارێزگایانە دەستیانکەوتوون.

ئەڵمانیا لە ماوەی لێشاوی پەنابەران لە ساڵانی 2015 و 2016 پێشوازی لە هەزاران پەنابەری سووری، ئەفغانی و عێراقی کرد.