وەزیری کشتوکاڵ: لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئامێرە کشتوکاڵییەکان دەکرێت

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایدەگەیەنێت، وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان؛ لەمەوبەدوا لێخۆشبوونی گومگری بۆ پێداویستی و کەلوپەلی کشتوکاڵی دەکرێت و بێبەرامبەر تابلۆیان لێ دەدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئۆکتۆبەری 2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی داواکاریمان پێشکەشکرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سوپاسەوە دوو بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندیی وەزارەتی کشتوکاڵ و جووتیاران دەرکرد".

بڕیاری یەکەم، وەکو ئەوەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو باسی کرد، "پەیوەستە بە هاوردەکردنی ئامێری پێشکەوتوو بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە لە سێکتەرە جیاوازییەکانی کەرتی کشتوکاڵدا پێویستن و بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتەکانی ناوخۆ، کشتوکاڵ و دارایی لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە".

سەبارەت بە بڕیاری دووەمی ئەنجوومەنی وەزیرانیش، بێگەرد تاڵەبانی گوتی، "لێخۆشبوونی گومگرییە بۆ پێداویستی و کەلوپەلی کشتوکاڵی و ئەو کەرستانەی جووتیاران پێویستییان پێیەتی و لە هەرێمی کوردستان بەرهەم ناهێندرێن".

بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، "بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو ئامێر و کەلوپەلانە دەکرێت و بێ بەرامبەر تابلۆ لە ئامێرە کشتوکاڵییەکان دەدرێت ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان".

وەکو ئەوەی بێگەرد تاڵەبانی باسی کرد، لە چوارچێوەی هەردوو بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ "هارۆن گرووپ" و بانکی جیهان هاوئاهەنگییان کردووە بۆ پێدانی ئامێرە پێشکەوتووەکانی کشتوکاڵی بە جووتیاران و ئەمڕۆ دوو جووتیار بە قستی درێژخایەن بوونەتە خاوەنی تراکتۆر.