زیاتر لە 10 هەزار کلکی رێوی لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ دەستی بەسەردا گیرا

K24 - هەولێر:

هێزە ئەمنییەکانی گومرگی فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ دەستیان بەسەر 10 هەزار و 300 کلکی رێویدا گرتووە کە نرخەکەیان یەک ملیۆن و 236 هەزار لیرەیە.

بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و هەواڵگری لە گومرگی فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ چاودێری دوو سەرنشینی ئۆزبەکستان و یۆنانیان کردووە کە لە مۆسکۆوە بەڕێکەوتبوون، کاتێک فڕۆکەکەیان لە فڕۆکەخانە نیشتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە ئامێری تیشکی ئێکسەوە بۆیان دەرکەوتووە، ئەو دوو سەرنشینە کلکی رێویان لەنێو جانتاکانیان حاشارداوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، بەکۆی گشتی 10 هەزار و 300 کلکی رێوی لەنێو جانتای سەرنشینەکاندا هەبووە کە نرخەکەیان دەکاتە یەک ملیۆن 236 هەزار لیرە (45 هەزار دۆلاری ئەمەریکی).

پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و تا ئێستاش هێزە ئەمنییەکان بەدواداچوونی دەکەن.