بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان دەدات

شاری وانی باکووری کوردستان - وێنە: ئەرشیف
شاری وانی باکووری کوردستان - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر لە شارۆچکەیەکی پارێزگای وانی باکووری کوردستان دەدات کە چەقەکەی لە دەریاچەی وان بووە و هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە راگەیەندراوێکدا، ئاژانسی کارەسات و بەڕێوەبردنی باری لەناکاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی توشبای سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان روویداوە.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر روویداوە و چەقەکەشی دەریاچەی وان بووە، بەڵام هیچ ئاماژەی بە زیانە گیانی و ماددییەکانی نەداوە.

بوومەلەرزەکەی وان وەک یەکێک لە پاشلەرزەی بوومەلەرزە بەهێزەکانی 6ـی شوباتی ئەمساڵ و رۆژانی دواتر دادەنرێت کە بەهۆیەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەی بریندارانیش 100 هەزار کەسی تێپەڕاند.