ئایدن مەعروف: حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان دەدات

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە گرنگی بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و هەموو ئایین و ئایینزاکان دەدات، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق هیچ گرنگی بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان نادات، هاوکات گوتیشی: لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بواری بە پێکهاتەکان نەداوە کە بەشدار بن.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بوونی پێکهاتەکان، ئایین و ئایینزاکان کاریگەرییەکی باشی دەبێت بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و نەتەوەکان، هەروەها ئێمە هیچ کاتێک لەگەڵ ئەوەدانین لە دەرەوەی ئیرادەی نوێنەرانی پێکهاتەکان دەستوەردان لە کاروبارەکانیان بکرێت.

هاوکات راشیگەیاند، ماوەیەک بەر لە ئێستا هەندێک لایەنی سیاسی سکاڵایەکیان لە دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردبوو، لەناو ئەم یاسایەشدا تایبەت دەیانەوێت گۆڕانکاری لە کورسی کۆتاکان بکەن، هەروەها داوایان کردووە بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، لە یاسای ئەو کاتدا تەنیا پێنج کورسی کۆتا بۆ کریستیانەکان تەرخانکرابوو، کورسی کۆتا بۆ تورکمان نەبوو، ئەگەر ئەو یاسایە بەم شێوەیە قبوڵبکرێت بێگومان ئەمە ناداپەروەرییە بەرامبەر بە نەتەوەی تورکمان.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەڵێت: نەتەوەی تورکمان نەتەوەیەکی گرنگە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی دەستووری عێراقیش تورکمان سێیەم نەتەوەیە لەسەر ئاستی عێراق و دووەم نەتەوەشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

ئایدن مەعروف، جەختی لەوە کردووە، راستە کێشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام نابێت کۆتاکان بخرێنە ناو ئەم کێشە سیاسییانە.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، باسی لەوەکرد، پێشتر حزبی یەکێتی سکاڵایان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردبوو، لەناو یاسیا هەڵبژاردنیش داوایان کردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ساڵی 1992 ئەنجامبدرێت، لە هەمان کاتیشدا داواکارن کورسی کۆتاکان دابەش بێت بەسەر ناوچەکاندا.

لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ئایدن مەعروف، گوتی: لە دەسەڵاتی دادگای فیدڕاڵدا نییە کە بڕیار لەسەر کورسی کۆتاکان و دابەشکردنی جوگرافیا و مەرکەزیەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات، بەڵکو ئەم کارانە تایبەتە بە پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان بکات.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لەبارەی دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی داهاتووی دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیار بدات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ساڵی 1992 ئەنجامبدرێت، ئەوا ئەو کاتە تورکمان ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکات.

ئایدن مەعروف، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە هەرێمی کوردستان پێکوەژیانێکی باش لەنێوان پێکهاتەکاندا هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان دەدات، بەڵام لە بەرامبەردا عێراق هیچ گرنگی بە پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی نێوان ئایین و ئایینزاکان نادات، تەنانەت لە پڕۆسەی سیاسیشدا بواری بە پێکهاتەکان نەداوە کە بەشدار بن.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و گوتی: ئێمە وەکو نەتەوەی تورکمان لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت، هەروەها هیچ دەستێوەردانێک لە کاروباری پێکاهاتەکاندا نەکرێت.