بەرپرسانی وزەی رووسیا بۆ کوردستان24: ئەو ئاڵۆزیانەی دروستبوون لە بەرژەوەندی بازاڕی وزەی رووسیا شکاونەتەوە

بەرپرسانی وزەی رووسیا
بەرپرسانی وزەی رووسیا

K24 – مۆسکۆ:

بەهۆی سزا و گەمارۆکانی وڵاتانی نەیاری رووسیاوە، کەرتی وزەی وڵاتەکە دووچاری ئاستەنگ هاتووە، بەڵام بەرپرسانی باڵای رووسیا، پسپۆر و شارەزایان دەڵێن، ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەی درووستبوون، لە بەرژەوەندی بازاڕی وزەی رووسیا شکاونەتەوە. پەیوەست بەم پرسە، جێگری وەزیری وزەی رووسیا دەڵێت، "وێڕای ئەو ئاستەنگانەی بۆمان دروستکرا، بەڵام کەرتی وزەی رووسیا ئەو بەربەستانەی تێپەڕاند، توانیمان بکەوینەوە سەر رەوتی هەناردەی بەرهەمەکان بە تەواوی و سیستمی وەرگرتنی دراو بەبێ کێشە".

ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، لە شەشەمین گەڕی هەفتەی وزەی رووسیا، بەگرنگییەوە باسی لەرەوشی بازاڕی وزە کرد، پاڤێل سۆرۆکین، جێگری وەزیری وزەی رووسیاش تایبەت بۆ کوردستان24 دەڵێت:" وێڕای ئەو ئاستەنگانەی لە دەرەوە بۆمان دروستکرا، بەڵام کەرتی وزەی رووسیا ھەموو بەربەستەكانی تێپەڕاند، توانیمان بکەوینەوە سەر رەوتی هەناردەی بەرهەمەکان بە تەواوی و سیستمی وەرگرتنی دراو بەبێ کێشە، واتە ئێستا لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرهەمە نەوتی و گازییەکان دەفرۆشین و پارەكەشیان بەبێ كێشە وەردەگرین".

هاوکات گوتیشی: "راستە کاتی گواستنەوەی بەرهەمەکان درێژترە و هەندێ کەرەستەی تەکنۆلۆژی هەن ئێستا گرانتر لەسەرمان دەوەستن، بەڵام ئەمە هۆکارە بۆ بەرەوپێشبردنی تەکنۆلۆژیا لەناوخۆ و لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، واتە ئەم قۆناغە هەم سەختی هەیە هەم دەرفەتە بۆ بەرەوپێشچوون واتە سەختییەکانمان تێپەڕاندوە و ئێستا کار لەسەر بەدیهاتنی دەرفەتەکان دەکەین".

لەلایەن خۆیەوە، کەنستەنتین سیمۆنەڤ، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی نیشتیمانی ئاسایشی وزەی رووسیا، بە کوردستان24ـی گوت: "دەرچوونمان لە ئەوروپا واتای کشانەوەمان نییە لە بازاڕی جیهانیی نەوت، کۆمپانیا رووسیەکان و رۆس نەفت دەیانخواست کاری گەورە بکەن لە کوردستان، بەڵام ئێستە بازاڕی ناوخۆ و کێشەی بەردەم کۆمپانیاکان بۆ هەناردەی بەرهەمی ناوخۆ لەپێشترە".

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ هەماهەنگی. بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی نیشتیمانی ئاسایشی وزەی رووسیا باسی لەوەشکرد، کێشەکان زۆرن بەڵام کۆمپانیا رووسیەکان بێگومان ئامادەن لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستاندا کارەکانیان درێژە پێبدەن، چونكە پێش جەنگەكە، رۆژانە کەمتر لە سێ ملیۆن بەرمیلی نەوتمان بە دەریادا هەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا سێ ملیۆن و 200 هەزار لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکرێن، لە مانگی 5 و 6 هەناردە گەیشتە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوروپا وەرگرتنی نەوتی رووسیای راگرت، نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویکردە بازەڕەکانی ئەوروپا.