ئەیاد کاکەیی: دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک بەیاسایی کرد

ئەیاد کاکەیی
ئەیاد کاکەیی

K24 – هەولێر:

پارێزەر و شارەزایەکی یاسایی رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بەیاسایی کردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پێشتر داوای لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کردبوو بارەگاکەیان چۆڵ بکەن و رادەستی پارتی بکەنەوە.

رۆژی پێنجشەممە (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئەیاد کاکەیی، پارێزەر و شارەزای یاسایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی لە دوایین بڕیاریدا، بڕیارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بەیاسایی ناساند و بڕیاری رەتکردنەوەی ئەو داوایەیدا کە دژی ئەو بڕیارە تۆمارکرابوو.

ئەیاد کاکەیی لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکە ئاماژەی بەوەکرد، دادگای باڵای فیدراڵی ئەو داوایەی رەتکردەوە چونکە لە تایبەتمەندی دەسەڵاتەکانی ئەو نییە و فەرمانی پێشووی خۆشی بۆ هەڵپەساردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیشی هەڵوەشاندەوە.

ئەو پارێزەر و شارەزایە یاساییە ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانی پێشووی دادگای فیدراڵی کە هەندێک لە شۆڤێنییەکانی دڵخۆشکردبوو، رێکارێکی یاسایی بوو لە تۆمارکردنی هەموو سکاڵایەکی یاسایی لەسەر بڕیارەکانی حکومەت، هەڵدەپەسێردرێت تا یەکلاییکرنەوەی دۆسیەکە و دوای وردبینیکردن و بڕیاردانیش، دادگای فیدراڵی ئەو داوایەی داخست و بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەشێوەیەکی یاسایی دەبێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هاوکات ئەیاد کاکەیی باسی لەوەشکرد، دوای ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی، هیوادارین حکومەتی عێراق و هەموو لایەنەکان پابەندی خۆیان بە دەستوور، یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپاتبکەنەوە و حکومەتی عێراقیش چیتر رێگەنەدات، هەندێک لایەنی شۆڤێنی و لەیاسا دەرچوو، رێگری بکەن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی و ئاژەوە لەناو کەرکووک دروستبکەن و کێشە بۆ ئەو پێکەوەژیانەی لەنێوان نەتەوە و ئایینەکان هەیە دروستبکەن.

دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.

بە گوێرەی نووسراوێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان هەڵوەشێنرایەوە و نووسراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، داواکاری پەرلەمانتارێک سەبارەت بە هەڵوەشاندەوەی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رەتکراوەتەوە و بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەش هەڵوەشایەوە.

پێشتر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردبوو لە (1ـی ئەیلوولی 2023) بارەگای سەرەکی ئۆپەراسیۆنەهاوبەشەکان لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێک رادەستکردنەوەکەی راگرت.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای بالای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.

سکاڵاکەش لەلایەن وەسفی عاسی، سەرۆکی هۆزی عوبێد، کە لە دایکبووی شاری بەغدایە و ئێستا نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری عەرەبەکانی باشووری کەرکووک دەکات لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای رۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک دێت کە بە تەقەی هێزە عێراقییەکان چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگەلە دەستگیکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان.

دوای فەرمانەکەی سوودانیش بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.