لە هەولێر ئاوی ماڵان دوای پاککردنەوە بۆ ئاودانی پارک و باخچەکان بەکاردەهێندرێتەوە

هەولێر
هەولێر

K24 – هەولێر:

دوای ئەنجامدانی پرۆژەیەک بۆ ئاودانی دارە چێندراوەکانی شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر کە ئاوی ماڵان دوای پاککردنەوەی بەکاردەهێندرێت، وابڕیارە سوود لە ئاوی کەندی هەولێر وەربگیرێت بۆ ئاودێرکردنی پارکی سامی عەبدولرەحمان.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە، لە هەولێر پرۆژەیەک جێبەجێکراوە کە ئاوی ماڵان پاک دەکاتەوە و دووبارە بۆ ئاودێرکردنی پارک و باخچەکان بەکار دەهێندرێتەوە، وابڕیاریشە، دووەم پڕۆژەی هاوشێوە لە پارکی سامی عەبدولرەحمان جێبەجێ بکرێت.

لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە، راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر پرۆژەیەک لەلایەن رێکخراوی هەسار بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی یونسێف جێبەجێکراوە، کە ئاوی ماڵان وەردەگرێت و لە رێگەی وێستگەیەک پاک دەکرێتەوە و بۆ پارک و باخچەکان بەکاردەهێندرێتەوە.

لەو پرۆژەیەدا، 300 هەزار داری چێندراو بەو ئاوە دێراو دەکرێت، دارەکانیش هەندێک تەمەنیان ساڵێکە و هەندێکیش تەمەنیان دوو ساڵە.

بەگوێرەی زانیارییەکانیش، وابڕیارە پڕۆژەیەکی دیکەی هاوشێوە جێبەجێ بکرێت بە سوودوەرگرتن لە ئاوی کەندی هەولێر، دوای پاککردنەوەی، بۆ ئاودێرکردنی پارکی سامی عەبدولرەحمان بەکاردەهێندرێتەوە.

هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ ئەو مەبەستە وێستگەیەک دادەنرێت و لەو رێگەیەوە ئاوی ماڵان و شوێنەکان پاک دەکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی تاقیکاری بۆ ئەوەی بتواندرێت بە قۆناغ لە هەموو هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

ئەم پرۆژەیەش بەشێکە لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و پاکڕاگرتنی ژینگە و رووبەرووبوونەوەی کێشەی کەمئاوی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو کێشە لە ئاودانی هەندێک لە باخچە و پارکەکان دروستبوو.