کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پەکین بریندارکرا

باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پەکین - وێنە: AP
باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پەکین - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کارمەندێکی باڵیۆزخانەکەیان لە پەکەینی پایتەختی چین هێرشیکراوەتەسەر و بریندارکراوە.

رۆژی هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، کارمەندێکی باڵیۆزخانەکەیان لە رێگەی کەسێکی نەناسراوەوە بە چەقۆ هێرشیکراوەتە سەر، دوای برینداربوونی گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانە.

لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو کارمەندەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە چین، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە و چارەسەری پزیشکی وەرگرتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی (9ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لەدەستپێکی پێکدادانەکانی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی چین بێلایەن وڵاتەکەی نیشاندا و داوای ئاگربەستی کرد.

لەلایەن خۆیەوە، ماو نینگ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رایگه‌یاند، چین چاودێری جه‌نگی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل ده‌كات و توندوتیژی و هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كتری له‌لایەن هەردوولاوە رەتده‌كه‌ینه‌وه، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، رێگه‌ی راست بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاته‌.

دوای ئەوەش، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل نیگەرانی خۆی نیشاندا لە هەڵوێستی چین کە ئیدانەی هێرشەکانی حەماسی نەکردووە کە بووەتە هۆی کوشتن و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتی مەدەنی ئیسرائیل.

رۆژی 9ـی ئەم مانگە ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری داوەتە ئیسحاق ھێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل له‌ ئه‌گه‌ری ئەنجامدانی هێرشی هه‌ڕه‌مه‌كی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 10:30ـی شەوی دوێنێ پێنجشەممە) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 537 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.