پاشماوەی مانگەدەستکردەکانی ئیلۆن مەسک هەڕەشەن لەسەر زەوی

یەکێک لە مانگەدەستکردنەکانی ستارلینک
یەکێک لە مانگەدەستکردنەکانی ستارلینک

K24 – هەولێر:

ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا، هۆشداری دەدات کە پاشماوەی مانگەدەستکردەکانی ستارلینک کە ئیلۆن مەسک خاوەنداریەتی دەکات، تا ساڵی 2035 مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک لەسەر زەوی دروستدەکات.

لە راپۆرتێکی شیکاری 35 لاپەڕەییدا، ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکی ئاماژەی بەوەکردووە، 28 هەزار پارچەی مانگەدەستکردەکانی ستارلینک لە خولگەکانی خۆیان دەرچوون و پێشبینی دەکەن لە ماوەی 12 ساڵی داهاتوودا نەسوتێن و لەکاتی گەڕانەوەیاندا مەترسی بۆ سەر زەوی دروست بکەن.

بەگوێرەی پلانی ئیلۆن مەسک، لە چەند ساڵی داهاتوودا نزیکەی 42 هەزار مانگی دەستکردنی ستارلینک لە خولگەیەکدا کۆبکاتەوە کە ئەم ژمارەیەش زیاترە لە مانگی دەستکردی هەموو کۆمپانیاکانی دیکە.

راپۆرتە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگەدەستکردەکانی ستارلینک کە سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکسە، 85%ـی مەترسییە پێشبینی کراوەکان پێکدەهێنن لەسەر زەوی و فڕۆکەوانی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مانگەدەستکردەکان.

لەلایەن خۆیەوە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس وەڵامی راپۆرتەکەی ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکی داوەتەوە کە ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمەریکاشی کردووە و روونیکردووەتەوە، مانگە دەستکردەکانی ستارلینک مەترسی دروست دەکەن بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی نەسووتاویان بۆ سەر زەوی دوای تەواوبوونی کارەکانیان.

هەروەها سپەیس ئێکس داوای ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکی کردووە، راستکردنەوەی بۆ ناوەڕۆکی راپۆرتەکەیان بکەن و جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، هەڵسەنگاندنەکانیان لەسەر بنەمای زانیاری نادروست ئەنجامداوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی، دەیڤید گۆڵدشتاین کە یەکێکە لە ئەندازیارانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس نامەیەکی بۆ کۆنگرێس ناردووە و باسی لەوەکردووە، راپۆرتەکەی ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکی پڕە لە کەموکوڕی و شیکاری نادروست و رایگەیاندووە، "مانگەدەستکردەکانی سپەیس ئێکس بە شێوەیەک دیزاین و دروستکراون، دوای تەواوبوونی کارەکانیان و چوونە ناو بەرگەهەواوە، بەتەواوی نەمێنن". 

هاوکات کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایگەیاندووە، لە مانگی شوباتی 2020ـەوە تا ئێستا 325 مانگی دەستکردی ستارلینک لە خولگەی کارکردنیان لابراون و هیچ پاشماوەیەکیشیان نەماوە، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە لە مانگی ئایاری 2019 مانگەدەستکردەکانی ستارلینکی لە خولگەکان خستەخوارەوە و زیاتر لە پێنج هەزار پارچەی پاشماوەکانی ناردە بۆشایی ئاسمان.

مانگەدەستکردەکانی ستارلینک لە رێگەی کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە، لە خولگەی نزمی ئاسماندا دەخولێنەوە و داتای بێسنووری ئینتەرنێت بە خێرایی و فراوانی زۆر بۆ بەکارهێنەرانی دابیندەکات.