دۆلار دۆخی بازاڕ دەشێوێنێت

پسپۆرێکی ئابووری پلانێکی نوێی بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرا دەکات
بازاڕی دراو
بازاڕی دراو

K24 - بەغدا

ناجێگیری بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە بەهای دۆلار، دۆخی بازاڕی شێواندووە و نرخی شتومەک هەر رۆژە و بە جۆرێکە و فرۆش کەمبووەتەوە. پسپۆڕێکی ئابووریش پلانێکی نوێی بانکی ناوەندی بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار ئاشکرا دەکات.

سەید جەوهەر، کاسبکارە لە بەغدا کەلوپەلی کۆنە دەفرۆشێت، بەهۆی بێ بازاڕی هەموو شتومەکی هەراج کردووە بۆ نیوەی نرخ، بەڵام هێشتا خەڵک نایکڕن، چونکە پێیان وایە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار وەک پێشووی لێ دێتەوە، ئەو دەڵێت: "بەهای 100 دۆلار هەر نزیکی 160 هەزار دەمێنێتەوە، خۆ ناگەڕێتەوە 120 هەزار یان 140 هەزار دینار، ئەم وڵاتە لە رووی سیاسیی و ئەمنیەوە سەقامگیر نییە، وەک وڵاتانی یەمەن و میسر و چەند وڵاتێکی دیکە".

ئەو کاسبکارە بێ ئومێدە لە باشتربوونی دۆخی دارایی و ئابووری عێراق و دەڵێت: "عێراق کێشەی ناوخۆیی زۆرە و سەقامگیر نابێت".

هەرچەندە بانکی ناوەندیی عێراق، چەندین رێکاری بۆ جێگریکردنی بازاڕی دراو بە تایبەتی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار گرتووەتەبەر و ژمارەیەک بڕیاریشی دەرکردووە، بەڵام نەتیوانیوە دۆخی بازاڕی دراو ئاسایی بکاتەوە.

پسپۆڕێکی ئابووری نوێترین پلانی بانکی ناوەندی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکات، لە داهاتوودا عێراق لە دەرەوەی وڵات مامەڵە بە دراوەکانی یوانی چینی، رۆPیەی هیندی، درهەمی ئیماراتی و لیرەی تورکی بکات، ئەمەش هێندەی تر بەهای دیناری عێراقی دادەبەزێنێت.

ئەیسەر حەسونی پسپۆڕی ئابووری بە کوردستان24ی گوت: "عێراق دەیەوێت جگە لە دۆلار پشت بە دراوی تر ببەستێت لە دەرەوەی وڵات وەک دروای وڵاتانی چین، هیند، تورکیا و ئیمارات، ئەمەش وەک چارەسەر دەبینێت و کاری جددی بۆ دەکات، بەڵام ئەو بڕیارە هەڵەیە، چونکە ئێمە نەوت بە دۆلار دەفرۆشین و مامەڵەمان دەبێت هەر بە دۆلار بێت".

ئەمە لەکاتێکدایە لە چوارچێوەی رێکارەکانی بۆ جێگیرکردنی بازاڕی دراو، بانکی ناوەندیی عێراق 132 هەزار دیناری بەرامبەر بە 100 دۆلاری ئەمەریکی دیاریکردووە، بەڵام تائێستا لە بازاڕەکان کار بەو بڕیارە ناکرێت.