لە هەولێر رێڕەوی هاتووچۆ بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دروستدەکرێت

شاری هەولێر
شاری هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بە تایبەت بۆ نابینایان دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەویش بەدانانی رێرەوی ھاتووچۆ بەمەبەستی ئاسانکاری ھاتووچۆی نابینان بەپێی ستاندەرە جیهانییەکان.

ئەمڕۆ شەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2023) سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، یەکێک لە بنەماکانی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان و لەپێناو پێشکەوتنی زیاتری کۆمەڵگە و گەیاندنی خزمەتگوزاری هەمەجۆر بۆ سەرجەم چین و توێژەکان و هەروەها گرنگیدان بە خاوەن پێداویستی تایبەت، "هاوکات بۆ یەکەمینجار لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ نابینایان و خاوەن پێداویستی تایبەت لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە دانانی رێرەوی ھاتووچۆ بەمەبەستی ئاسانکاری ھاتووچۆ ی نابینان بە پێی ستاندەرەکانی جیھانی".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەو چوارچێوەیەشدا سەر لەبەیانی ئەمڕۆ عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر لەگەڵ یادگار کەریم، سەرۆکی یەکێتی نابینایانی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی پڕۆژەی خزمەتگوزاریان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت کرد.

هەروەها بڕیاڕدرا رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەست بەکارەکانی پرۆژەکە بکرێت، لە دەستپێکی پڕۆژەکەدا لە سەنتەری شاری هەولێر و لە چەند شەقامێکی دیکەی گشتیدا جێبەجێ دەکرێت، ئەوەیش بە دانانی رێرەوی ھاتووچۆ، کە چەندین کورسی بە لۆگۆی خاوەن پێداویستی دیاری دەکرێت لە چەند شوێنێکی تایبەت بۆ پشوودانیان و تاوەکو بتوانن لەنێو بازاڕ و چواردەوری قەڵای هەولێر سوود لە جوڵە و رۆیشتن وەربگرن.