چین هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەدات

غەززە - وێنە: AFP
غەززە - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

پەکین لە هەوڵی ناردنی نێردراوێکە بۆ ئەوەی بە هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ راگرتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت سوود لە هەوڵەکانی رابردووی ببینێت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران.

رۆژی شەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2023) وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکەدا پەکین نێردراوێکی تایبەتی خۆی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجی نێوەندگیری کردن لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەکە.

ئەم راگەیەندراوەی وەزیری دەرەوەی چین دوای ئەوە هات، نوێنەرانی کۆمکاری عەرەبی لە پەکین لەگەڵ چای جۆن، نێردراوی تایبەتی چین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری کردن و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی غەززە تاوتوێکردووە.

هاوکات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جۆزێف بۆرێل، بەپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەکین جەختیی کردەوە، چین لایەنێکی چالاکی هەوڵەکانی نێوەندگیرییە و داوای بەستنی کۆنگرەی ئاشتی نێودەوڵەتی کاریگەر و جێی متمانەکرد بەشێوەیەکی فراوان لەن نێوان هەموو لایەنەکانی ئاڵۆزییەکان و خستنەرووی خشتەی کار و نەخشەرێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

هەرچەندە چین بڕیاریداوە هاوسەنگی لە نێوان هەردوو لایەنی ئاڵۆزییەکانی غەززە بپارێزێت بەتایبەتیش پەکین رەتیکردەوە رەخنە لە هێرشەکانی حەماس بگرێت، ئەمەش توڕەیی تەلئەڤیڤی بەدوای خۆیدا هێنا.

رۆژی هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "نیگەرانی خۆیان بە نێردراوی چین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووە بۆ ئیدانەنەکردنی "ئەو کوشتارگە تۆقێنەرەی حەماس ئەنجامیدا" بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس، سێ هاووڵاتی چینی لە ئیسرائیل کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و دوو ‌هاووڵاتی دیکەی چینیش لە ریزی بێسەروشوێنانن.

سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، چین پەیوەندی بە سەرکردەکانی حەماسەوە کردووە وەک لایەنێکی سەرەکی ئەو ئاڵۆزییانە و گفتوگۆیان لەبارەی ئازادکردن و گۆڕینەوەی بەدیلگیراوەکان کردووە.

هەرچەندە لە وڵاتە زلهێزەکان تەنیا رووسیا و چین هەڵوێستی هاوسەنگیان پاراستووە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لەوەی پشتگیری هیچ لایەنێکیان ناکەن، بەڵام بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، رووسیا بە تەواوی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رۆڵی پەکخراوە تا بتوانێت دەستپێشخەرییەکی لەوجۆرە بکات، بۆیە تەنیا چین ماوەتەوە بۆ ئەنجامدانی هەوڵێکی لەوشێوەیە بۆ نێوەندگیری لایەنەکان کۆبکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، چین دەیەوێت سوود لە پەیوەندییەکانی لە ناوچەکە و هەوڵەکانی ماوەی رابردوو ببینێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز لە مانگی ئایاری رابردوو، هەروەها هەوڵەکانی بۆ راگرتنی جەنگ لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.

لەسەر ئاستی ناوچەکەش، سعوودیە، ئێران، میسر، ئوردن و کۆمکاری عەرەبی ئامادەن پێشوازی لە هەر دەستپێخەرییەک بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی غەززە و راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، هەرچەندە تەلئەڤیڤ بڕیاری بەرپاکردنی جەنگی داوە و زۆربەی وڵاتە زلهێزەکانی وەک، ئەمەریکا، بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ناتۆ جگە لە تورکیا پشتیوانی بێسنووری خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتکردووەتەوە.

رۆژی 9ـی ئەم مانگە ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری داوەتە ئیسحاق ھێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل له‌ ئه‌گه‌ری ئەنجامدانی هێرشی هه‌ڕه‌مه‌كی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 18:40ـی رۆژی شەممە) زیاتر لە هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە دوو هەزار و 215 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.