ئەشواق جاف: بەشێک لەو سکاڵایانەی تۆمارکراون پەیوەندی بە دادگای فیدراڵییەوە نییە

ئەشواق جاف، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەشواق جاف، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئه‌ندامێکی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت، پارتی هەمیشە جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکاتەوە و هەرگیز سازش لەسەر مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات. لەبارەی دادگای فیدراڵییەوە ئاماژەی بەوەدا، پێویستە دادگای فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستوور بڕیارەکانی دەربکات.

ئەشواق جاف، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکەنەوە، هەروەها هەنگاوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور لە ئاستێکی زۆر باشدایە.

لەبارەی کورسی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئه‌ندامەی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، رای پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی سەرۆک بارزانی ئەوەیە، کە دەبێت پێکهاتەکان خودی خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

هاوکات راشیگەیاند، هەر پێشێلکارییەک بۆ مافی پێکهاتەکان بە کارێکی نەرێنی دەشکێتەوە بۆ سەر پڕۆسەی دیموکراتی لە عێراق، هەروەها لەبارەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر کورسی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەشواق جاف هیوادارە دادگای فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستوور و لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان بڕیار بدات.

ئەشواق جاف، دەڵێت: بەشێک لەو سکاڵایانەی کە تۆمارکراون پەیوەندییان بە دادگای فیدراڵی عێراقییەوە نییە.

رۆژی یەکشەممە (8ـى ئۆکتۆب تشرینى یەکەمى 2023)، دادگاى  فیدراڵى عێراق لەبارەی ژمارەیەک سکاڵا کە لە دژی پێنج ماددەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون، کۆبووەوە، دواتر کۆبوونەوەکە بۆ سبەی یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023 دواخرا.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (12ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی داهاتووی دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیار بدات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ساڵی 1992 ئەنجامبدرێت، ئەوا ئەو کاتە تورکمان ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکات.

لە ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، هەروەها لە ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

ئەو ئه‌ندامەی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموکراتی کوردستان، باس لەوەش دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز سازش لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات، روونیکردەوە، هەندێک لایەنی شیعی بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق نزیکە بەبەردەوامی هەوڵی ئەوە دەدەن لەسەر حیسابی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان دەنگ کۆبکەنەوە.

ئەشواق جاف، گوتی: "هەندێک لایەنی سیاسی هەیە لە بەغدا نایانەوێت کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکەوتوو بێت، هەروەها ئەو لایەنە سیاسییانەش هەرگیز نایانەوێت هەولێر و بەغدا پەیوەندییەکی باشیان پێکەوە هەبێت، ئەگەر کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێت ئەوا بوونی ئەو لایەنە سیاسییانەش نامێنێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق".

گوتیشی: پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەك ریز و یەک دەنگی بن، هەروەها پێویستە مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زامن بکەن. ناوبراو داواکاریشە، مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان دووربخرێتەوە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، نابێت بەهۆی ئازاردانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگ بەدەست بهێندرێت.