لە تاران 52 گەنج لە سێدارە دەدرێن

K24 - ھەولێر

ھەواڵدەری ھێرانا لە ئامارێكدا ئاشكرای كرد، تەنیا لە زیندانی گەورانی تاران، 52 گەنجی خوار تەمەن 32 ساڵ لە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانن بەسەریاندا.

ناوەندی ھەواڵی چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێ ئەو 52 گەنجە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە مادەی ھۆشبەرەوە دەستبەسەركراون و سزای سەرجەمیان لە سێدارەدانە، لەو زیندانیانە لە دوو قاوشدا راگیراون، قاوشی یەكەم 32زیندانی و قاوشی دووەمیش 20 زیندانی تێدایە.

ھاوكات ئاشكرا كراوە، دوای ناڕەزایەتییەكانی ماوەی رابردووی زیندانیانی قزڵ حەسار 100 زیندانی لە دوو بەشی قزڵ حەسارەوە بۆ زیندانی گەورانی تاران گواستراونەتەوە.

لە ماوەی رابردوودا چەندین جار رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لەبەرامبەر پەیڕەوكردنی یاسای لە سێدارەدان رەخنەیان لە دەسەڵاتی ئێران گرتووە، بەڵام تائێستا لەو وڵاتەدا یاسای لە سێدارەدان بەسەر ھاووڵاتیان دەسەپێنرێت.