دەستەی باڵای نیشتمانیی عێراق بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەریی هەڵوەشێندرایەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری هەڵوەشاندەوە و، دادوەر و سەرجەم ئەندامانی دەستەکە دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق.
بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمانگەی کاروباری پەرلەمان کە رۆژی دووشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئاراستەی سەرۆکی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری کراوە و، واژووی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لەسەرە؛ حەلبووسی بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق، دەستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "بەگوێرەی بڕگەکانی ماددەی 25ـی یاسای دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری و پابەندبوون بەوەی لە ماددەکەدا هاتووە، پەرلەمانی عێراق دەتوانێت دەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە دوای تەواوبوونی ئەرکەکانی بە زۆرینەی رەهای ئەندامەکانی بەپێی دەستوور".
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دانانی دادوەر و داواکارانی گشتی لە دەستەکە کۆتایی دێت و هەموویان دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، مەگەر پێش هەڵوەشاندنەوەی دەستەکە تەمەنیان نەگەیشتبێتە ئاستی خانەنشینی".
ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەندامانی دەستە بە هەمان پلە و ناونیشانی کارکردنیان دەگوازرێنەوە بۆ سەر میلاکی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، دامودەزگا ئەمنییەکان، وەزارەتی داد و دارایی و، بەردەوام دەبن لەسەر وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان کە لە دەستەکە وەریاندەگرت دوای گواستنەوەیان بۆ ماوەی ساڵێک".