پشتیوان سادق: خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی رەشە بە نێوچەوانی نیشتمان فرۆشانەوە

پتیوان سادق
پتیوان سادق

K24 – هەولێر

پشتیوان سادق، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی شەش ساڵەی داگیرکردنی کەرکووک پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی رەشە بە نێوچەوانی نیشتمان فرۆشانەوە.

لە پەیامێکدا پشتیوان سادق نووسیویەتی: "خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی رەشە بە نێوچاوانی نیشتمان فرۆشانەوە، تاوەکو ئێستاش ئەو ناپاکییە کۆتایی نەهاتووە و بە شێوازی جۆراوجۆر، بەردەوامی بەو خیانەتە دەدرێت و ئاسانکاری و رێخۆشکەری بۆ لاوازکردن و تێکدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام بە خەبات و تێکۆشانی دڵسۆزانی راستەقینە و میللەتە سەربەرزەکەمان ئیرادەی بەھێزی کوردستان سەردەکەوێت".

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر تێدەپەڕێت، کە به‌ره‌به‌یانی رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ پشتیوانی هێزه‌ عێراقییه‌كانی دیكه‌ به‌ره‌و ناوشاری كه‌ركووك له‌ چه‌ندین میحوه‌ره‌وە هێرشیانكرد و چه‌ندین ناوچه‌یان تۆپبارانكرد. ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو كوردستانیان جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو، كشانه‌وه‌ی بێمه‌رجی هێزه‌كانی سەر بە لایەنێک بوو له‌ هه‌موو ئه‌و میحوه‌رانه‌ی له‌ژێر ده‌ستیاندابوو.