دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە دژی داگیرکردنی سەربازگەی ئەنفال خۆپیشاندانیان دەستپێکرد

خۆپیشاندانی دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە - فۆتۆ: هێمن دەلۆ - کوردستان24
خۆپیشاندانی دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە - فۆتۆ: هێمن دەلۆ - کوردستان24

K24 – کەرکووک

دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە لە سنووری کەرکووک دژی داگیرکردنی سەربازگەی ئەنفال لەلایەن هێزێکی عێراقی، خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و رێگای گوندەکەیان داخست.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16/10/2023، هێزێکی عێراقی سەربازگەی ئەنفالیان لە گوندی پۆپزاوە داگیرکرد، ئەو سەربازگەیە وەک هێمایەکە بۆ ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی بەعس دژی خەڵکی ناوچەکە، چونکە لە سەردەمی ئەنفال هاووڵاتیانی کوردیان بردووەتە ئەو سەربازگەیە و دواتر رەوانەی بیابانەکانی سەماوە و عەرعەریان کردون.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای هاتنی هێزێکی عێراقی بۆ سەربازگەکە، دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە وەک ناڕەزایەتی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و رێگای سەرەکی گوندەکەیان داخست.

هاووڵاتییەکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە بە کوردستان24ی گوت: "هەموو رێگا سەرەکییەکانی سەربازگەکەمان داخستوون، دەمانەوێت رێگری لەو پیلانەی هێزە عێراقییەکە بکەین، چونکە ئەوان تەنیا زوڵم لە گەلی کورد و کەرکووک دەکەن، داواش لە پەرلەمانتار و بەرپرسانی کورد دەکەین لەسەر ئەو زوڵمە بێنە دەنگ و پاڵپشتیمان بکەن".

بەشداربووێکی دیکەی خۆپیشاندانەکە دەڵێ: "چەندین جار بە هێز پەلاماری گوندەکەیان داین بۆ ئەوەی زەوی و زاری جووتیان داگیر بکەن، ئێستا هاتوون دەیانەوێت سەربازگەی ئەنفال داگیر بکەن، ئێمەش دەمانەوێ رێگری لەو پیلانە بکەین".