رێبوار تاڵەبانی: ئیدارەدانی ئێستای کەرکووک نادەستوورییە

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رایدەگەیەنێت، بارودۆخی کەرکووک لەڕووی ئەمنییەوە ناجێگیرە، هەروەها لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک تەنیا شەقامەکان قیرتاوکراون و هیچ خزمەتگوزارییەکی دیکەی بۆ دابین نەکراوە، هاوکات گوتیشی: ئیدارەدانی ئێستای کەرکووک نادەستوورییە.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ژووری هەوڵی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو سیستەمەی کە حکومەتی عێراق ئێستا جێبەجێی دەکات پڕیەتی لە گەندەڵی و دژی مرۆڤایەتییە و دژی هەموو تاکێکی عێراقییە، تا پێش 16ـی ئۆکتۆبەر پارێزگای کەرکووک زۆرترین خزمەتگوزاری لە سێکتەرە جیاوازەکان بۆ دابین دەکرا، بەڵام دوای ئەم بەروارە ئەم پارێزگایە پەراوێزخرا، هاوکات دوای 16ـی ئۆکتۆبەر تاوەکوو ئێستا تەنیا شەقامەکانی کەرکووک قیرتاوکراون هیچ خزمەتگوازراییەکی دیکەی بۆ دابین نەکراوە.

ناوبراو راشیگەیاند، بارودۆخی کەرکووک لە رووی ئەمنییە و ناجێگیرە، لەبارەی جێبەجێکردنی ماددەی 140یش گوتی: بەرپرسانی ناو حکومەتی عێراق هیچ نییەتێکیان بۆ جێبەجێکردنی نییە و هیچ هەوڵێکیشی بۆ نادەن. روونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی پارێزگای کەرکووک ناوچەیەکی کێشە لەسەرە دەبوو ئیدارەکردنی لە ساڵی 2003 تا ئێستا بە هاوبەشی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بووایە.

سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: هەر ناوچەیەک کێشە لەسەربێت، بەپێی یاسا دەبێت بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت تاوەکو چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ دەدۆزرێتەوە.

رێبوار تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی بەرامبەر بە کەرکووک کرا لە 16ـی ئۆکتۆبەر پێشێلکردنی دەستوور بوو نەدەبوو روویدابووایە، پێویست نەبوو سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق بە هێزی سەربازی ئەو کێشەیەی یەکلایی کردبایەوە، "ئێمە کێشەمان هەبوو لەگەڵیان دەبوو بە سیاسی یان بە یاسایی چارەسەر بکرابایە، بەڵام ئەوان بە هێزی سەربازی دەستیان بەو داگیرکارییە کرد، ئەوان پێشێلی ماددەی 9ـی دەستووریان کرد".

سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: نەبوونی یەکڕیزی لەنێو ماڵی کوردیش هۆکارێک بوو بۆ روودانی ئەم کارەساتەی 16ـی ئۆکتۆبەر.

رێبوار تاڵەبانی، باسی لەوەکرد، ماددەی 140، تا ئیستا 2%ـش لەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە، تەنیا یەک بڕگەی جێبەجێ کرا ئەویش بڕگەی قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان بوو، "ئەویش گەندەڵییەکی زۆری تێدا کرا و بە دڵی خۆیان ئەو پارەیەی کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان تەرخانکرا بەدڵی خۆیان بەرپرسان دزیان".

سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئیدارەدانی ئێستا کەرکووک نادەستوورییە و ئەو رووداوەی کە 16ـی ئۆکتۆبەر بەسەر کەرکووکدا هات هەمووی پێچەوانەی ئەو بڕگە و خاڵانەیە کە لە ماددەی 140دا هاتووە.

لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140

رۆژی یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە ئامادەبوونی هادی عامری سەرۆکی لیژنەکە و بە سەرۆکایەتی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و لێکەوتەکانی ئەنجامدرا.

لە کابینەکانی دیکەی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 کردووەتەوە، لەپێناو یەکلایی کردنەوەی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەم کابینەی حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای رێککەوتنی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، جارێکی دیکە لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنرایەوە، بەڵام تائێستا هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە.

رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017

به‌ره‌به‌یانی رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ پشتیوانی هێزه‌ عێراقییه‌كانی دیكه‌ به‌ره‌و ناوشاری كه‌ركووك له‌ چه‌ندین میحوه‌ره‌وە هێرشیانكرد و چه‌ندین ناوچه‌یان تۆپبارانكرد. ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو كوردستانیان جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو، كشانه‌وه‌ی بێمه‌رجی هێزه‌كانی سەر بە لایەنێک بوو له‌ هه‌موو ئه‌و میحوه‌رانه‌ی له‌ژێر ده‌ستیاندابوو.

به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، جگه‌ له‌ له‌ده‌ستدانی كه‌ركووك، كورد له‌ ئیداره‌ی شاره‌كه‌دا 142 پۆستی ئیداری له‌ده‌ستدا، هەروەها سێ ھەزار ماڵی شاره‌كه‌ تاڵانكران و 200 ماڵ و پێنج دەزگای راگەیاندن سووتێندران، لەگەڵ ئەوەشدا 53 ھەزار خێزانی كوردیش کە زیاتر لە 200 هەزار کەس دبوون ئاوارەبوون و بەشێکیان تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر زێد و ماڵی خۆیان.

ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دەسەڵاتی شارەکەی گرتووەتە دەست، بە پشتیوانی بەشێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی حەویجە و ناوچەکانی دیکەی باشووری کەرکووک، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی کورد لە بەڕێوەبردنی شارەکە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو دژایەتییەکی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.