سێ کورتە فیلم لە سەنتەری ئاڵا نمایشکرا

K24 – هەولێر:

لە هەفتەی حەوتەمی وەرزی چالاکییە پایزییەکەی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، سێ کورتە فیلمی کوردی لە سەنتەری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی رۆشنبیری و هونەر نمایشکران، کە پێکهاتبوون لە فیلمەکانی "شەرم"، "رێبوارانی دۆڵی هەنار" و "گومان". 

چیرۆکی هەریەک لەم فیلمانەش گێڕانەوەی ئێش و ئازاری نەتەوەیەکی زوڵم دیدە و خۆڕاگرن، هشیار زێڕۆ دەرهێنەری فیلمی "شەرم" لە بارەی نمایشی فیلمەکەیەوە بۆ کوردستان24 دەڵێت: وێڕای وەستانی چالاکییە هونەرییەکان ئێمە بەبێ خەرجی لەم سەنتەرەدا بەردەوامین لە نمایشکردنی ئەو فیلمانەی کە رۆژگارێک لەسەر ئەرکی حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری هاتوونەتە بەرهەم، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت ئەوانەی کە ئارەزووی فیلمی کوردی دەکەن و دەرفەت نەبووە لە سینەماکاندا فیلمەکانمان ببینن، ئێستا بە خۆڕایی دەتوانی بینەربن و چێژ لە چیرۆکە رۆمانسی و تراژیدییەکانی نێو فیلمی کوردی ببینن.

فیلمی " شەرم" لە نووسین و دەرهێنانی هشیار زێڕۆ و فیلمی "رێبوارانی دۆڵی هەنار" لە دەرهێنانی ئەشکان محەممەدی و پاڵەوانیەتی تەها خەلیل و ئاوارە خانە.

دوا فیلمیش، کە نمایشکرا فیلمی "گومان" بوو، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی تەحسین فایەق بوو، فیلمەکان بەرهەمی سینەمای هەولێر بوون و تا ئێستاش بوونەتە خاوەنی زۆرترین خەڵاتی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لەو وڵاتانی ئەڵمانیا، ئەمەریکا، فەرەنسا، پۆڵۆنیا و سوید، کە چەندین جار وەک باشترین بەرهەمی سینەمایی دەست نیشانکراون.

س
س