بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیانی ناسر حەسەن لە قۆناغی تەواوبووندایە

K24 - هەولێر:

هونەرمەندی دەرهێنەر "ناسر حەسەن"، کە هەڵگری نازناوی شێخی دەرهێنەرانە و ماوەی نیو سەدەیە لە خزمەت هونەری نواندن و دەرهێناندایە، بۆیە ناوەندی بەرهەمهێنانی هونەری زەنێ، بەڵگە فیلمێکی لەسەر ژیان و وێستگە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە لە خانەقینەوه بەرهەم هێناوە و لە ئێستدا مۆنتاژی بۆ دەکرێت و لە قۆناغی تەواوبووندایە.

ناسر حەسەن، جیاواز لە پیشە هونەرییەکەی و هەڵبژاردنی لۆکەیشنی فیلم و دراماکانی ئێستا وەک جووتیارێک، لە گوندێکی نزیک هەولێر ژیان بەسەر دەبات، بەڵام بەردەوامە لە بەشداربوون و ئامادەکردنی پڕۆژە هونەرییەکانی و ئێستاش بەشدارە لە بەرهەمێکی نوێی سینەماییدا، بۆیە ئەو ناوەندە هەوڵیداوە لە دیکۆمێنتارییەکدا ژیانی ئەو هونەرمەندە تۆمار بکات.

ناسر حەسەن، هونەرمەندی دەرهێنەر لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 دەڵێت: دوای تەمەنێکی زۆر و پێگەیاندنی دەیان هونەرمەند لە نێو دراما و فیلمی سینەمایی دا، ناوەندی بەرهەمهێنانی زەنێ، بەڵگە فیلمێکی کوالێتی بەرزیان لەسەر یەکەم ژوانی هونەری و وێستگەکانی ژیانی من تۆمار کردووە و خانەقینی جوان، کە لانکەی بەرخۆدانە و چاوم بۆی هەڵهێناوە، بەشێکە لەم فیلمەدا و ژیانی سادەی ئەو ناوچەیە بووە بە دەسپێکی فیلمەکە و دواتر قوڵدەبێتەوە بە نێو شاکارە هونەرییەکانی درامای مەم و زین و دەیان فیلم و دیکۆمێنتارییەکان.

ناسر حەسەن، لە ساڵی1947، لە قەزای خانەقین لە دایکبووە ئەکتەر و دەرھێنەرێکی کوردە کە لە فیلمی سینەمایی، شانۆ، زنجیرەدراما و کلیپی گۆرانی کاری کردووە.

ئەو دەرهێنەرە کوردە لە ساڵی 1971، پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی بەغدای تەواوکردووە، لە ساڵی 1972 وەک دەرھێنەر دەستی بەکارەکانی کردووە.

ناسر حەسەن کاری دەرھێنانی بۆ سەدان ڤیدیۆ کلیپ کردووە لە ناویشاندا بۆ گۆرانیبێژی ناسراو لەوانە عەلی مەردان، محەممەد عارف جزیری، عوسمان شارباژێری و خاتوو گوڵبەھار کردووە.

هاوکات لە ساڵانی 1971 بۆ 1991 وەک دەرھێنەر لە تەلەفزیۆنی عێراق کاری کردووە و دواتر بەڕێوبەری گشتی سینەما بووە لە وەزارەتی رۆشەنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

خ