مەحموود گلی هونەرمەند، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا

مەحموود گلی" هونەرمەندی بواری شانۆ و درامای کوردی
مەحموود گلی" هونەرمەندی بواری شانۆ و درامای کوردی

K24 – هەولێر:

"مەحموود گلی" هونەرمەندی بواری شانۆ و درامای کوردی، بەشێوەیەکی کتوپڕ کەوتە نەخۆشخانه و نەشتەرگەری دڵی بۆ ئەنجامدرا.

گەرمیان مەحموود گلی، کوڕی هونەرمەندی ناوبراو بە کوردستان24ـی راگەیاند: ماوەیەکە تەندروستی باوکم بەهۆی ئاوسانی خڕۆکەکان و خوێنبەرەکان رووی لە خراپی دەکرد تا دوێنێ بەشێوەیەکی کتوپڕ گەیاندنمانە نەخۆشخانەی دڵ لە شاری هەولێر و نەشتەرگەرییەکی سەختی بە سەرکەوتوویی بۆ ئەنجامدرا و نوژدارەکانیش پێیان راگەیاندین، کە بۆ کۆتاییهێنان بە گرفتە تەندروستیەکەی پێویستی بە (فتح صدر) واتە نەشتەرگەریی دەمارێک لە قاچەکانی بۆ دڵی دەبێت و رەنگە دوای ماوەیەک ئەو نەشتەرگەرییەش ئەنجام بدات.

گوتیشی: دوای ئەو نەشتەرگەرییەی لە سەنتەری دڵ لە هەولێر بۆی ئەنجام دراوە، تەندروستی بەرەو باشبوون دەڕوات، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە لای مەحموود گلی بەهۆی نەخۆشیەوە نەیتوانیووە بەشداری لە پڕۆژەیەکی نوێی هونەری دا بکات، کە بڕیار بوو لەم رۆژانە دەست بکات بە وێنەگرتنی بەرهەمە و رۆڵێک لەو کارە هونەرییەدا بەرجەستە بکات.

هونەرمەند "مەحموود گلی" لە ساڵی 1957 لە شاری کەرکووک لە دایکبووە و یەکەم ژوانی لەگەڵ هونەردا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1972، کە بەشداری لە بەرهەمێکدا کرد بەناونیشانی بەهاری دزراو، کە لە نووسین و دەرهێنانی سەلمان فایەق بوو، لە ساڵی 1973 بەشداری لە زنجیرە درامای "مەرزه"ـدا کرد و بە رۆڵی جوعە کەچەڵ ناو و ناوبانگێکی زۆری لەخۆ کۆکردەوە و دواتر بەشداری لە زیاتر لە 40 کاری شانۆیی و درامی دا کرد، دیارترینیشیان شانۆگەری قەڵای دم دم بوو، کە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی کۆچکردوو "جەلال بەیار" بوو، هاوکات رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە بەشی سێیەمی درامای گەردەلوولدا.

خ