تائێستا 11 ملیۆن و 969 هەزار لیتر نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە

حکومەتی عێراق نەوتی سپی بە نرخی زیاتر دەداتە هەرێمی کوردستان
دابەشکردنی نەوتی سپی لە قەزای رانیە - فۆتۆ: ئاراس ئەمین - کوردستان24
دابەشکردنی نەوتی سپی لە قەزای رانیە - فۆتۆ: ئاراس ئەمین - کوردستان24

K24 – هەولێر

هەرچەندە تائێستا حکومەتی عێراق هیچ ساڵێك پشکی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بە تەواوی نەناردووە، بەڵام لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پارە تەرخان کراوە، بۆ ئەوەی نەوت بەسەر ماڵاندا دابەش بکرێت، بۆ ئەمساڵ لە سەرەتای پرۆسەی دابەشکردنی نەوت، 11 ملیۆن و 969 هەزار لیتر نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە.

بەگوێرەی داتاکانی ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پشکی نەوتی سپی هەرێمی کوردستان 50 ملیۆن لیترە، کە ساڵانە لە ناوچە شاخاوییەکان زووتر دابەش دەکرێت، هەرچەندە هیچ ساڵێک حکومەتی عێراق نەوتەکەی بە تەواوی و نرخی دیاریکراو نەناردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پارەی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی نەوتی سپی بۆ ماڵان دابین بکرێت.

هەر بەپێی داتاکان، ساڵی رابردوو لە 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی، تەنیا 28 ملیۆن لیتر درایە هەرێمی کوردستان و لە ناوچەکانی دیکەی عێراق هەر بەرمیلێک بە 40 هەزار دینار درایە خەڵک، کەچی بۆ هەرێمی کوردستان بە 100 هەزار دینار هەژماریان کرد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بڕیار دراوە لە کۆبوونەوەکانی هەولێر و بەغدا باسی بڕی نەوتی نەنێردراوی پارساڵ بهێنرێتە بەرباس و هەوڵی گەڕاندنەوەی بدرێت بۆ هاووڵاتییان.

ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، زووتر لە ساڵانی رابردوو لە رۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد لە ناوچە شاخاوییەکان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند: "بودجەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان بۆ زستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابینکراوە و هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی سپی بەرامبەر بە 100 هەزار دینار وەردەگرێت".

لە ناوچە شاوییەکان تائێستا 11 ملیۆن و 969 هەزار لیتر نەوت بەسەر 59 هەزار و 845 خێزان دابەشکراوە، کە بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە:

یەکەم: لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران، 4 ملیۆن و 238 هەزار لیتر بەسەر 21 هەزار و 190 خێزاندا دابەشکراوە.

دووەم: لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، 3 ملیۆن و 262 هەزار لیتر بەسەر 16 هەزار و 310 خێزاندا دابەشکراوە.

سێیەم: لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 4 ملیۆن و 469 هەزار لیتر بەسەر 22 هەزار و 345 خێزاندا دابەشکراوە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن، ساڵی رابردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە 20ی ئۆکتۆبەر دەستی بە دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کرد و 76 ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزان دابەشکرد، کە بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە بوو:

یەکەم: لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە 31 میلیۆن لیتر

دووەم: لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر

سێیەم: لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر.

چوارەم: لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 639 هەزار لیتر.