شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەرەو بەغدا بڵاوکردەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بانگێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدول حەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتەکان بەرەو شاری بەغداد بەڕێکەوتن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وابڕیارە رۆژی چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە دانیشتنێکی تایبەتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەئامادەبوونی وەزیری دارایی عێراق، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێک لەسەر کێشە و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی بودجە و مووچە بخاتەڕوو.

هاوکات زانیاری تەواو لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2023 و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بداتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە لەلایەن وەفدی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی کراوە.

رۆژی دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی سێشەممە لەسەر پێشنیازى حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و رۆژی چوارشەممەش لەبارەی پرسەکانی مووچە و بودجە لەگەڵ لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەکردووە، "شاندەکە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک راوێژکار پێکدێن".

هەر دوێنێ دووشەممە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئیختیارییە و نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر سەرجەم پرسە داراییەكان".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تیمی حکومەتی هەرێمی كوردستانی راسپاردووە تەنانەت یەك پرسیاری بێ وەڵامیش نەهێڵنەوە و زۆر شەفافانە هاوکاربن".

هەروەها پێشەوا هەورامانی، جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە  چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ، بە دوای چارەسەرێکی ریشەییەوەیە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییانی كوردستان.

هاوکات دوای ئەوەی هەوڵێک هەبوو لەلایەن هەندێک لە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کە داوایانکردبوو، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابەشبکرێت، رۆژی (15ـی تشرینی یەکەمی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی داوەتە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە حکومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، چونکە نادەستوورییە، بەڵکو لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەکەن.

رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، لە یەکەم دانیشتنی ئاسایی ئەم وەرزە یاساییەی پەرلەمانی عێراق، لەسەر داوای پەرلەمانتارانی کورد، بڕگەی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ئەمنی و رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە یاسای بودجە هاتووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بۆ کۆبوونەوەکە زیادکرا.

لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی راسپارد، میوانداریی هەردوو وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، لەبارەی داهاتە نەوتییەکان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئێوارەی رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023) لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرکردە و نوێنەرانی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆر لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی کرا، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیاری پەرلەمانی عێراق راگەیاند بۆ میوانداریکردنی وەزیرانی دارایی لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسە و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.