ئاگرین عەبدوڵڵا: لە کابینەی نۆ 13 ملیۆن و 500 هەزار مەتر چوارگۆشە رێگا قیرتاوکراون

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رایدەگەیەنێت، پێشتر قیڕی کۆن فڕێدەدرا بەڵام ئێستا دووبارە بەکاردەهێندرێتەوە و لە رێگا لاوەکییەکان سوودی لێ وەردەگرین، هەروەها گوتیشی: لە ماوەی چوار ساڵدا 65 پڕۆژەی رێگاوبان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان جێبەجێکراون.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان،24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات؛ رایگەیاند، هەر پڕۆژەیەکی رێگەوبان کە ئەنجامدەدرێت هەڵسەگاندنی بۆ بکەیت لەسەر سێ بنەمای سەرەکی خۆی دەبینێتەوە لەوانە، بنەمای تەکنیکی ئەندازیاری، سەلامەتی و ژینگەپارێزی، ئەمەی ئەمڕۆ کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانن کرایەوە بەشێکی لە پرۆژەی ژینگەپارێزی بنەمایەکی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

هاوکات راشیگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ کرایەوە زیادکردنی بەشێکە بۆ کارگەی قیر، کارگەی قیرەکە هەبوو لە ساڵی 2013ـەوە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە خاوەنداریەتی کردووە، بەڵام ئەم تەکنەلۆجیا نوێیەی بۆ زیادکرا، ئەو تەکنەلۆجیایە نوێیەش بریتییە، لە پرۆسەی بەکارهێنانەوەی چینی قیرتاو نەک قیر بە تەنیا، چینی قیرتاوکراو سەر لە نوێ ورد دەکرێت بەڕێژەیەک تێکەڵ دەکرێتەوە لەگەڵ ماددەی تازە و سەر لە نوێ رێگەوبانەکانی پێ قیرتاو دەکرێت، لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بەکاردێت، بەڵام ئەمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکەمجارە.

رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەیەکی دووبارە بەکارهێنانەوەی تێکەڵەی قیڕی کۆنى لە هەولێر کردەوە، کە بە پێی پێوه‌ر و ستانداردە پێشکەوتوو و سەردەمییەکان و ژینگەپارێزی دروستکراوە و یەکەم پڕۆژەی لەم جۆرەیە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دەڵێت: چینی قیرتاوکراو ئەگەر کۆنبوو شی نابێتەوە، ئەگەر شی ببێتەوە ژەهراووبوونی خاکەکەی دەوروبەری دروست دەکات، دوای لێکۆڵینەوەی زۆری زانستی گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە دووبارە قیر بەکار بهێندرێتەوە، لە ئەنجامی دووبارە بەکارهێنانەوەی قیری کۆن قیری دیکە دەرناهێندرێت و خەرجیش کەم دەکاتەوە.

ئاگرین عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەدا، دووبارە بەکارهێناوەی قیر لە کوالێتییەکەی دانابەزێنێت، رێژەی %20 بۆ %30  لە بەرهەمە کۆنەکە لەگەڵ تازەکە تێکەڵ دەکرێتەوە بەهەمان کوالێتی دەتوانێت قیر دروستبکاتەوە، ئەم قیرەش زیاتر بۆ رێگەی لاوەکی بەکار دەهێنرێت.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، گوتی: لەڕووی ئابووریەوە سوودی زۆرە چونکە لانیکەم %15 لە خەرجی چینی قیرتاوکردن کەم دەکاتەوە، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بیر لەوە دەکەنەوە کە کارگەی هاوشێوە لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان بکرێتەوە چونکە سوودێکی زۆری هەیە.

گوتیشی: رەنگە داوا لەکەرتی تایبەتیش بکەین کە کارگەی قیرتاوکردن دروست بکەن، رەنگە لە سەرەتاوە قازانجێکی زۆری نەبێت، بەڵام لە داهاتوودا لە بەردەوامی کارکردنیان قازانجێکی زۆر دەکەن و نابێتە بارگرانی لەسەریان و زیادکردنی ئەم سیستەمەش بۆ هەر کارگەیەکیش نزیکەی 850 ملیۆن دیناری پێویستە.

ئاگرین عەبدوڵڵا، باسی لەوەشکرد، لە ماوی چوار ساڵی رابردوودا لەسەر سێ جۆر بودجە پڕۆژەی رێگاوبان جێبەجێ کراوە، یەکەمیان بودجەی وەبەرهێنان، 65 پڕۆژەی رێگاوبان ئەنجامدراوە کە خۆی دەبینێتەوە لە بەدوو سایدکردنی رێگاوبانەکان و دروستکردنی تونێل و پرد بە گوژمەی 883 ملیار دیناری عێراقی، هەروەها 1295  کیلۆمەتر رێگا کەوتووەتە خزمەتی هاووڵاتییان، دووەمیشیان لەسەر بودجەی ئاسایی، چەند پڕۆژەی بچووک و مامناوەند جێبەجێ کراون بە گووژمەی 14 ملیار و 420 ملیۆن دینار، هەروەها سێیەمیشیان لەسەر بودجەی %30 لەسەر داهاتی وێستگەکانی کێش کە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەیدەنەوە بە وەزارەتمان 204 پڕۆژەی بچووکمان جێبەجێ کردووە رێگای گوندەکانمان قیرتاو کردووە بە گوژمەی 12 ملیار و 120 ملیۆن دینار، لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 13 ملیۆن و 500 هەزار مەتر چوارگۆشە قیرتاوکردن کراوە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا.

ئەوەشی خستەڕوو، قیرتاوکردنی ئەم رێگایانە رۆڵی گەورەی بینییوە لە باشکردنی سێکتەری گواستنەوەی زەمینی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی رێگاکانی نێوان هەولێر، دهۆک و زاخۆیە تا ئیبراهیم خەلیلە، هەروەها رێگەی هەولێر سۆران قۆناغی باشی لێ جێبەجێ کرا لەوانە تونێلی پیرمام، ئەوانەش پڕۆژەی ستراتیژین.

لەبارەی قیرتاوکردنی رێگەی هەولێر و سلێمانیش، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، گوتی: قیرتاونەکردنی ئەو رێگەیە بەلای ئێمە جێگەی نیگەرانییە، کێشەکە پارەیەکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێت 361 ملیار پێویست بوو بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی قیرتاوکردنی رێگەی هەولێر - کۆیە، کە پێنج قۆناغ لەخۆ دەگرێت ئەمەیان وەستاوە، بەڵام لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قیرتاوکردنە تەواو بکەین.

گوتیشی: "هەوڵمان داوە کە بە هەر شێوەیەکیش بێت ئەو رێگایانەی کە تەواونەکراوە تەواوی بکەین ئەگەر بە قەرزیش بێت، گرنگ رێگەی هەولێر – کۆیە تەواو بکەین، هەروەها رێگەی کەلار– دەربەندیخان بە سوپاسەوە گەنجینەی سلێمانی و گەرمیان سلفەیەک بۆ کۆمپانیاکە دابین دەکەن بۆ ئەوەی رێگاکە تەواو بکەن، لەو 40 کیلۆمەترە 22 کیلۆمەتری تەواو بووە، کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە نەوەستاوە، پڕۆژەی پردی دەربەندیشمان هەیە لە رانیە ئەویش بە سوپاسەوە بانکی رانیە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین توانیویەتی سلفەی بۆ دابین بکات، ئومێدمان وایە لە دوو مانگی سەرەتای ساڵی داهاتوو تەواو بێت".

لەبارەی تەواونەبوونی پڕۆژەکانیش، ئاگرین عەبدوڵڵا، رایگەیاند، نەبوونی کاش بووەتە گەورەترین کێشە لەبەردەم پڕۆژەکانی رێگاوبان، هەروەها نەبوونی ئەو بەڵێندەرانەش کە خۆیان پارەیەکی باشیان لەدەست بێت و نەوەستن لەسەر سلفەکان.