ڤینگه‌ر هێرشبه‌رێكی دیكه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه

یانه‌ی ئارسێناڵ، تا ئێستا به فه‌رمی بۆ كڕینی 3 هێرشبه‌ر چۆته سه‌رهێڵ، كه پێكهاتوون له (جیمی ڤاردی، ریاز محه‌ره‌ز و ئه‌لێكسانده‌ر لاكازێتی)، به‌ڵام له گواستنه‌وه‌ی هه‌موویان شكستی هێناوه، له نوێترین هه‌واڵیشدا باس له‌وه ده‌كرێت ڤینگه‌ر ئه‌مجاره هێرشبه‌ره ئارجێنتینایه‌كه‌ی ئینته‌ر میلانی كردۆته ئامانج.
به‌پێی هه‌واڵی پێگه‌ی ده‌یلی میره‌ره‌ی بریتانیا، ئارسن ڤینگه‌ر راهێنه‌ری ئارسێناڵ، ئیداره‌ی یانه‌كه‌ی بۆ كڕینی ماورۆ ئیكاردی هێرشبه‌ری ئینته‌ر میلان راسپاردووه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، هێشتا، ڤینگه‌ر له گواستنه‌وه‌ی لاكازێتی هێرشبه‌ری یانه‌ی لیۆنی فره‌نسا بێهیوا نه‌بووه، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری شكستی كۆتایی، هه‌وڵه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئیكاردی چڕ ده‌كاته‌وه و به هه‌ر نرخێك بێت، ئینته‌ر به فرۆشتنی ڕازی ده‌كه‌ن.
ئیكاردی ته‌مه‌ن 23 ساڵ، له نێوان ساڵانی 2008 ـ 2011 له تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی بارسێلۆنا یاریی كردووه، له هاوینی 2012 بۆ ریزه‌كانی یانه‌ی سامپدۆریا گواسترایه‌وه، دوای تێپه‌ڕبوونی وه‌رزێك په‌یوه‌ندی به یانه‌ی ئینته‌ر میلان كرد، ئێستا بۆ ریزه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆ بانگهێشت كراوه.