سەردانەكەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئوردن ھەڵوەشایەوە

ساتی بەرێککەوتنی سەرۆکی ئەمەریکا بەرەو ئیسرائیل - چوارشەممە، 18ـی ئۆکتۆبەری 2023 (AP Photo/Jess Rapfogel)
ساتی بەرێککەوتنی سەرۆکی ئەمەریکا بەرەو ئیسرائیل - چوارشەممە، 18ـی ئۆکتۆبەری 2023 (AP Photo/Jess Rapfogel)

K24 - هەولێر

سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئوردن هەڵوەشایەوە و وەزیری دەرەوەی ئوردنیش دەڵێت، تا ئاگربەست لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل رانەگەیەندرێت، پێشوازی لە هیچ لووتکەیەک ناکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئۆکتۆبەری 2023، جۆن كێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ھەڵوەشاندنەوەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئوردن راگەیاند و گوتی، "هەڵوەشاندەوەی سەردانەکە بڕیارێكی ھاوبەشە".

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا بگاتە ئیسرائیل و هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەرببڕێت و پلانی جەنگ لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل تاوتوێ بکات، بەڵام گەشتەکەی بەهۆی ھێرشی سەر نەخۆشخانەكەی غەززە ئاڵۆزتر بووە، گەشتێکی پلان بۆ داڕێژراوی بایدن بۆ ئوردن بەمەبەستی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی لەلایەن ئوردنەوە هەڵوەشایەوە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ لوتکەی ئوردن لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی لە عەممانی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت؛ بەڵام ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، لوتكەی ئوردن کاتێک ئەنجام دەدرێت كە لایەنەکان بتوانن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و کۆمەڵکوژی فەلەستینییەکان ڕێکبکەون. ھاوكات ئەیمەن سەفادی ئیسرائیلی بە "نانەوەی پشێوەی لەناوچەكەدا" تۆمەتبار کرد.

شەوی سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب (مەعمەدانی) لە کەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، لانیکەم 500 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش بریندارن.

 بەڵام دواتر هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەموو خەڵکەی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب (مەعمەدانی) لە ئەنجامی مووشەکێکی گرووپی جیهادی ئیسلامی کوژراون و رەتیکردەوە ئیسرائیل دەستی لەو هێرشەدا هەبووبێت.