وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە بەغدا وردەکاری لەبارەی داهات و خەرجییەکان دەخاتەڕوو

K24 – بەغدا

ئەمڕۆ وەزیرانی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبنەوە، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لە راپۆرتێکدا وردەکاری لەبارەی داهات و خەرجییەکان دەخاتەڕوو.

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی لەبارەی داهات و خەرجییەکانی شەش مانگی رابردوو ئامادەکردووە، تەواوی وردەکارییەکان لەو راپۆرتەدا هەیە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەیخەنەڕوو".

گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرێزی پاکە، بۆیە پابەندە بە هەر شتێک کە لە بەغداوە داوا دەکرێت، بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەزانن هیچ گرفتێک لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، ئەوەی هەیە موزایەدەی هەندێک پەرلەمانتارە لە بە‌غدا ئەوان کێشە دروست دەکەن، جگە لەوەش لەناو خودی کابینەکەی سوودانی كێشە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی دەرەکیش هەیە دەیەوێت کێشە دروست بکات، بەڵام ئەوەی گرنگە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر بابەتی شایستە داراییەکان یەکدەنگن و هەموومان پێمان وایە کە زوڵم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".

دوێنێ 17/10/2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببنەوە.