بەرگری شارستانی هەولێر: لە نۆ مانگدا زیاتر لە هەزار و 700 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئاماری بەرگری شارستانی هەولێر، لە نۆ مانگی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 700 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری هەولێر تۆمارکراون.

موقەدەم کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری نۆ مانگی رابردووی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، خنکان و ئامادەکاریی و چالاکییەکانیان بۆ مانگەکانی داهاتوو راگەیاند و ئاشکرای کرد، لە نۆ مانگی رابردوودا هەزار و 711 رووداوی جۆراوجۆری لە هەولێر تۆمارکراون، لە کۆی ئەو ژمارەیەش 298 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەناو ماڵەکان بووە، هەروەها لەو ماوەیەدا 266 ئۆتۆمبێل لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاگریان گرتووە، کە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئەو ئامارە زیادیکردووە.

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر راشیگەیاند، لە نۆ مانگی رابردوودا 37 موەلیدە ئاگریان گرتووە، هەروەها ئاگر لە 91 مارکێت، دوکان و پێشانگا کەوتووەتەوە و 14 کارگەش ئاگریان گرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، 45 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هێڵەکانی کارەبا تۆمار کراوە، هەر لەو ماوەیەدا 32 جووتیار بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە خەرمان و پاش خەرمان زیانیان بەرکەوتووە.

باسی لەوەشکرد، لەو ماوەیەدا 23 کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر ئاگریان گرتووە، هەروەها 29 رووداوی ئاگرکەوتنەوەش لە کەمپی ئاوارەکان تۆمارکراوە، هەر لەو ماوەیەدا رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی بۆنەکان روویداوە.

موقەدەم کاروان ئاشکرای کرد، زیانە ماددییەکانی رووداوەکانی نۆ مانگی رابردووی هەولێر بە یەک ملیار و 568 ملیۆن و 750 هەزار دینار خەمڵێنراوە، هەروەها 15 کەس بەهۆی ئەو رووداوانە گیانیان لەدەستداوە و 84 کەسی دیکەش برینداربوونە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ 25 رووداوی خنکان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر تۆمار کراوە و 68 هاووڵاتیش لە خنکان رزگار کراون.

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاشکراشی کرد، لە نۆ مانگدا 29 ئۆتۆمبێل بەهۆی فیول پەمپ ئاگریان گرتووە.

سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافا و کەمکردنەوەی زیانەکان گوتی: "دامەزراوە پەیوەندیدارەکان زۆر بە چڕی کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، بۆ ئەوەی زیانەکانی لافاو کەم بکرێنەوە و ئەوەی لە رابردوو روویدا جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە".