بانکی ناوەندی دۆلار بەگەشتیاران دەفرۆشێت

K24 - هەولێر

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، عەلی عەلاق، پەنجەرەیەکی(منافذ( نوێی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کردەوە.

بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، "میکانیزمی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گەشتیاران لەلایەن کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە رۆژانە 24 کاتژمێر دەبێت".

دەشڵێت: "هەنگاوەکە بۆ کردنەوەی شێوازە نوێیەکان لە فڕۆکەخانەکە کاریگەری ئەرێنی دەبێت، بەتایبەتی کاتێکی کەمی دەوێت بۆ ئەوەی گەشتیار دۆلاری پێویست بەدەست بهێنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "کارەکانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە فڕۆکەخانەکە، لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و هەروەها لقەکانی ئەو بانکە چاودێری دەکرێت، کە کارەکانیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بە گەشتیاران جێبەجێ دەکەن".

عەلی عەلاق لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عیماد عەبدولڕەزاق ئەسەدی تاوتوێی بەهێزکردنی هەماهەنگییە دوو قۆڵییەکان و رێوشوێنە بەردەوامەکانی کرد بۆ کردنەوەی پەنجەرەی نوێ لە هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیووەم کە هەر 100 دۆلارێک بەنرخی ئەمڕۆ بە 160 هەزار دینار زیاترە، بەمەش بانکی ناوەندی دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بەهای دینار بکات.