عه‌توان عه‌توانی: دانیشتنمان له‌گه‌ڵ شاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو

عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق
عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق

K24 - به‌غدا:

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئاماژه‌یه‌كی ئه‌رێنی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌ داراییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، ده‌شڵێت: هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ته‌واوی شایسته‌ و داهاته‌ نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كان هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 18ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هه‌ڵسه‌نگاندێك بۆ شایسته‌ و داهاته‌ نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كان هه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئه‌ركی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیاری هه‌ڵسه‌نگاندنی شایسته‌ و داهاته‌ داراییه‌كان بڕیاری لیژنه‌ی دارایی نییه‌، به‌ڵكو له‌ راپۆرتێكی ورده‌كاری له‌ دانیشتنێكی تایبه‌تدا راده‌گه‌یندرێت.

عه‌توانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا، دانیشتن و بابه‌تی ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ڵ شاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراقدا زۆر گرنگ بوو و ئاماژه‌ی باش و ئه‌رێنی تێدا ده‌ركه‌وت.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختیشیكرده‌وه‌، نیازێك هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر ئه‌مڕۆ چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەتی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووینەوە، هەموو زانیاری و داتاکانی خۆمان پێشەکەش کرد، هاوکات تا رادەیەکی باش تێگەشتنی هاوبەشمان هەبوو لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی راستەقینە، هەروەها جیاکردنەوەی لە کێشە سیاسییەکانیش.

ناوبراو راشیگەیاند، ئەو زانیاری و داتایانەی لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشمان کرد  لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق جێگەی باوەڕبوو.

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکانمان توانیمان هۆکارەکانی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە راستگۆیی و بە شەفافی باس بکەین.

ئاوات شێخ جەناب، گوتی: لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق کاردانەوەیەکی دۆستانەیان هەبوو لەسەر لێکتێگەیشتنی نێوانمان، هەروەها نییەتی جددییان هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

گوتیشی: هەردوولامان هاوڕا و هاوهەڵوێست بووین لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی.

رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەردانی بەغدایان کرد.

لەلایەن خۆیەوە لەوبارەیەوە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستانی24ـی گوت: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە لەلایەن لیژنەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لەسەر بابەتی بڕگەکانی 12 و13 لە یاسایی بودجە، ئەوەی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان و ئەو نەوتەی کە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، هەروەها میلاکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەدەنی، سەربازی، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە بۆ مووچەکانیان پێویستە، هەموو ئەوانە لیژنەی دارایی بە نووسراوێک ئاراستەی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە".