باندێکی قاچاخچییەتی لە بەلجیکا کە سەرجەمیان کوردن دادگایی کران
K24 – بەلجیکا:
سەرلەبەیانی ئەمرۆ لەشاری بروژی بەلجیکا کە هاوسنوورە لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا 21 هاووڵاتیی کورد بەتۆمەتی قاچاخچییەتی کردن دادگایی کران.
ئەمڕۆ چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) میدیاکانی بەلجیکا ئاشکرایان کرد، دادگا بە تۆمەتی قاچاخچییەتی سزای بەسەر 20 تۆمەتباردا سەپاند و تەنیا یەک کەسیان بێ تاوان دەرچوو.
سەرۆکی باندەکە ناوی هیوا رەحیم پورە و تەمەنی 30 ساڵە، سزای 11 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە لەگەڵ سزای دارایی بە بڕی 80 هەزار یۆرۆ.
ساڵێک لەمەوبەر دوای ئۆپراسیۆنێکی پۆلیس کە ئەفسەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا و بەریتانیا بەشداریان تێدا کردبوو، "رەحیم پور"ـیان لەلەندەن دەستگیرکرد.
پۆلیسی بەلجیکا دەڵێت: پێمان وایە رەحیم پور، لەرێگای قاچاخەوە زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەری لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە.
رەحیم پور و باندەکەی بە مەبەستی گواستنەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە و بۆ بەریتانیا شەش هەزار پاوەندیان لەهەر کۆچبەرێک وەرگرتووە، پێشبینی دەکرێت، لە ناردنی هەر بەلەمێک کۆچبەری نایاسایی لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا 200 هەزار پاوەندیان قازانج کردبێت.