ئیخلاس دلێمی: ئەو کێشانەی کە گومان دەکرا هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بن چارەسەرکران

ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك پرسیار ئاراسته‌ی شاندی هه‌رێم كران و ئه‌وانیش به‌وپه‌ڕی راشكاوییه‌وه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌. دلێمی گوتی: زۆربه‌ی ئه‌و كێشانەی‌ كه‌ گومان ده‌كرا هۆكاری نه‌ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بن چاره‌سه‌ركران.

ئەمڕۆ چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی دارایی و شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، گوێ له‌ گوته‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گیرا و تاووتوێی ژماره‌یه‌ك پرسی په‌یوه‌ندیدار به‌ یاسای بودجه‌مان كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ی زۆر له‌ یاساكه‌دا هه‌ن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق چه‌ند پرسیارێكیان كرد و شاندی هه‌رێم و وه‌زیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان وه‌ڵامی هه‌موویانی دایه‌وه‌.

ئیخلاس دلێمی، راشیگەیاند، به‌شێك له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ركران، كه‌ پێشبینی ده‌كرا ئه‌و كێشانه‌ بن تا ئێستا‌ ئاسته‌نگیان له‌به‌رده‌م ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دروستكردبێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە، هه‌وڵی ئاماده‌كردنی راپۆرتێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت ده‌ده‌ن و كار له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجەش‌ ده‌كه‌ن، كه‌ تاكه‌ زامنی ده‌سته‌به‌ری ئابوورییه‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێـی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هەموو زانیاری و داتاکانی خۆمان پێشەکەش کرد و تا رادەیەکی باش تێگەشتنی هاوبەشمان هەبوو لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی راستەقینە، هەروەها جیاکردنەوەی لە کێشە سیاسییەکانیش.

ناوبراو هەروەها راشیگەیاند، ئەو زانیاری و داتایانەی لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشمان کرد لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق جێگەی باوەڕبوو.

دوێنێ سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەردانی بەغدایان کرد.