رێژەی هەژاری لە کەرکووک بەرزبووەتەوە

kurdistan24.net

K24 - کەرکووک

رێژەی هەژاری لە کەرکووک لە هەڵکشانە، لە بەرامبەردا ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک تەنگی بە کاسبکاران و چینی هەژار و دەستگێڕەکان هەڵچنیوەو بە دەرکردن و رووخاندنی دوکانەکانیان، بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکارانی کەرکووک بێ کار ماونەتەوەو نیگەرانن لەو مامەڵەی بەرپرسانی کەرکووک و داوای چارەسەر دەکەن.

بەگوێرەی ئامارێک، زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتی کەرکووک مووچەی  تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن و زیاتر لە 60 هەزاری دیکەش داواکارییان پێشکەشکردووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە رێژەی هەژاری لەو شارەدا لە ئاستێکی بەرزدایە.

بەشێك لە كاسبكاران، زیاد بوونی رێژەی ھەژاری و بێ كاری بۆ ھەوڵەكانی ئیدارەی كەركووك دەگەڕێنەوە كە رۆژانە هەڵمەتی رووخاندنی شوێنیکار و دوکانەکان ئەنجام دەدات.

حوسێن عزەدین، کاسبکارێکی کەرکووکە دەڵێت: "رووبەری دوکانەکەم دوو مەترە و سێ ملیۆن دینار باجم داوە، لە کاتێکدا ئاو و کارەبامان زۆر خراپە، بەڵام ساڵانە باجی زۆرمان لێوەردەگرن".

هەڵکوتانە سەر کاسبکاران و وەرگرتنی باج و سەرانە لێیان لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە چڕبووەتەوە، نموونەی بازاڕی پیشەوەران، تایەفرۆشان، بازاڕی سەرپردەکە و گەراجی لەیلان لەو نموونە زیندوانەن كە كاسبكارانی نیگەرانكردووە.

کاسبکارێک بەناوی ئیسماعیل کەریم بە کوردستان24ی گوت: "پێمان دەڵێن بازاڕەکە چۆڵ کەن و بیگوازنەوە، هەمووی خەڵکی هەژار و رەشوڕوت لێ کار دەکەن، هی وا هەیە رۆژانە 10 هەزار دینار ئیش دەکات، ئێستا نازانین بۆ کوێ بچین؟".

عیسام حەسەن، کاسبکارێکی دیکە و دەڵێت: "لە ساڵی 1991ـەوە لەو بازاڕە کار دەکەین، ئێستا دەڵێن دەبێ چۆڵی بکەن".

لەگەڵ بوونی نەوت و داهاتێکی زۆر لە کەکووک، بەڵام هاووڵاتیان دەڵێن هیچ سوودێکمان لەو نەوتە نەبینیوە، لە بری خۆشی بووەتە سەرئێشە و نەخۆشی بۆیان و داهاتەکەشی نازانن بۆ کوێ دەچێت.