باڵیۆزی ژاپۆن: 30 قوتابخانەمان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له‌ به‌غدا
فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له‌ به‌غدا

K24 - هەولێر

باڵیۆزی ژاپۆن لە بەغدا رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا حکومەتی وڵاتەکەی 30 قوتابخانەی لە پارێزگا جیاکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە. سەفین دزەییش دەڵێت، "پەروەردەیەکی تەندروست، کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و تەندروست بەرهەم دەهێنێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئۆکتۆبەری 2023، فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له‌ به‌غدا، له‌ رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌یه‌كی 18 پۆلی له‌ گه‌ڕه‌كی مامزاوه‌ی هه‌ولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، "خوێندن كلیلی ئایینده‌یه‌ و ده‌رفه‌تی كار بۆ نه‌وه‌ی نوێ ده‌ڕه‌خسێنێت".

قوتابخانە 18 پۆلییەکە بۆ ئەو قوتابییانەی دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی عێراقە، کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و ئێستا لە کەمپە جیاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و حکومەت هاوکاریی مرۆیی و داراییان پێشکەش دەکات.

باڵیۆزی ژاپۆن له‌ به‌غدا ئـاماژەی بەوەش کرد، "ده‌بێت كارێك بكه‌ین خوێندن وه‌كو وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدان ته‌ماشا بكه‌ین". لەبارەی کار و پڕۆژەکانی حکومەتی یابان لە هەرێمی کوردستان؛ فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ ئەوەی خستەڕوو کە تاوەكو ئێستا حكومه‌تی ژاپۆن زیاتر له‌ 30 قوتابخانه‌ی له‌ هەرێمی کوردستان دروستكردووه‌.

هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئومێدەوارم رۆژێک بێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ژیانێکی سەرکەوتوو و ئارامیان هەبێت؛ بەڵام تا ئەو کاتەی لە هەرێمی کوردستانن و میوانمانن، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو جۆرە هاوکارییەکیان پێشکەش دەکات".

سەفین دزەیی گوتی، "سوپاسی حکومەتی ژاپۆن دەکەین کە هەر لە سەرەتای ساڵی نوەتەکانەوە تاوەکو ئێستا چەندین پڕۆژەی جیاوازی پێشکەشی خەڵکی کوردستان کردووە و هیواردم بەردەوام بن لە کارەکانیان. هیواداریشین پڕۆژە هاوبەشەکان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بن بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری کەرتی پەروەردە و چین و توێژە جیاوازەکان".

وەکو ئەوەی سەفین دزەیی باسی دەکات، "پەروەردەیەکی تەندروست، کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و تەندروست بەرهەم دەهێنێت؛ هیوادارین ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پەروەردەیەکی تەندروست پێشکەشی قوتابیانمان بکەین و، بتوانین کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو بەرهەم بهێنین".