سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیامێک ئاراستەی مامۆستایان دەکات

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان-هەولێر جەختی لە مافی مامۆستایان کردەوە لە دابینکردنی مووچەکانیان و داواشیکرد، لەو شوێنانەی تا ئێستا پرۆسەی خوێندن دەستیپێنەکردووە، لەپێناو خوێندنی قوتابیان، بگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن.

رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پرۆسەی خوێندن و رۆڵی مامۆستایان کرد و رایگەیاند، مامۆستایان مافی خۆیانە لە سەرەتای هەر مانگێکدا مووچەکانیان بۆ دابنین بکرێت و روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە و مامۆستایانیش تەنیا توێژنین بەڵکو هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیکە مووچەکانیان دواکەوتووە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگی رۆڵ و پێگەی مامۆستایان کرد و گوتی، رێزێکی زۆرمان بۆ ئەرک و زەحمەتییەکانی مامۆستایان هەیە. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کاری باشی کردووە بۆ دابینکردنی مووچە و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە مامۆستایان کرد سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەو شوێنانەی تا ئێستا دەستی پێنەکردووە، بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە و نەهێڵن خوێندنی قوتابیان بفەوتێت، چونکە مووچەکانیان قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام بەفیڕۆچوونی خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە.

هاوکات سەرۆکوەزیران سوپاسی رۆلی مامۆستایانی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە مامۆستایان دەکەم ئەرکی مامۆستایەتی و بەرپرسیاریەتی هاونیشتمانییەتی خۆیان بەجێبگەینن و لە خزمەتی گەل و وڵاتەکەیان بن و  رێنیشاندەری ئەو قوتابیانە بن کە ئێمە نەتەوەیەکی خۆڕاگرین و هەرچی بەسەرمان بێت ناهێڵین پرۆسەی خوێندن بوەستێت.