سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ گەنجان: هەموو ئامرازەکانی سەرکەوتنتان بۆ دابین دەکەین

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان – هەولێر رایگەیاند، هەموو ئامرازەکان بۆ سەرکەوتنی دەرچووان و گەنجان دابین دەکەین و پێشوازی لە هەموو بیرۆکە و هەوڵێکیان دەکەین کە بۆ خزمەتی گشتی بێت.

رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان – هەولێر، پیرۆزبایی لە دەرچووان و کەسوکار و مامۆستایانی زانکۆکە کرد بەبۆنەی تەواوکردنی خوێندنی قۆناغی زانکۆیی و بەدەستهێنانی بڕوانامە لە زانکۆی کوردستان-هەولێر.

لە گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم کرد لە پەرەپێدانی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و جارێکی دیکە پاڵپشتییەکانی حکومەتی دووپاتکردەوە بۆ هەر هەوڵ و گۆڕانکارییەک بۆ باشترکردن و بەرەپێشبردنی سێکتەرە جیاوازەکان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، هەموو ئەوانەی بیرۆکە و کاری نوێیانەی هەیە ئێمە پێشوازییان لێدەکەین وپشتیوانییان دەکەن لە بەجێگەیاندنی، بۆ ئەو مەبەستەش هاوکارییەکانی کابینەی نۆیەمی بەبیر هێنانەوە و گوتی، هەر کەسێک دەیەوێت لەگەڵمان بێت لە گەشتی گۆڕانکارییەکانماندا، پێشوازی لێدەکەین و ئێمە یارمەتی دەدەین و قەرزی بۆ دابیندەکەین بۆ ئەوەی کارەکەی ئەنجام بدات.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی روونیکردەوە، ساڵی رابردوو باسمان لە هەمەچەشنکردنی سێکتەری کشتوکاڵ کرد، ئیستا ئێمە لە پرۆسەیەکی پێشکەوتووترداین بۆ پیشەسازییەکی گەشەسەندووتر و هەناردەکردنی بەرهەمان، ئەمەش پێویستی بە کارکردن هەیە بۆ پاراستنی بەرهەمەکان و دواتریش گەیاندنی لە کێڵگەکانەوە بۆ بازارەکانی جیهان و کاری زیاتر بۆ بەپیشەسازیکردنیان.

لە رووی ئابوورییەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەدیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکان لە رێگەی سیستمێکی بانکییەوە، هەموو هەرێمی کوردستان بە ئابووری جیهان دەبەستێتەوە، کە ئەمەش دەرفەتەکانی کاری بارزگانی زیاتر دەکات.

هاوکات لە گوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگی پەروەردە و رۆڵی گەنجان کرد و هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ گرنگیدان بە پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاست و بەشداری گەنجان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەبێتە نەتەوەیەکی پڕ زانست و زانیاری و لە رێگەی بیرۆکە و داهێنانی گەنجانییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی خۆراک و هەژاری ئامادە دەبێت و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانی سەردەم دەکات.

بۆ پشتیوانیکردن لە گەنجانیش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئامۆژگاری کردن لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن و گوتی، ئێمە ئەو ئامرازانەتان پێدەدەین کە پێویستن بۆ سەرکەوتن و ژینگەیەک دروست دەکەین کە تێیدا سوود لە کارامەییەکانتان وەربگیرێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئێمە ئەو ئامرازانەتان پێدەدەین کە پێویستن بۆ سەرکەوتن. ئێمە ژینگەیەک دروست دەکەین کە تێیدا کۆمەڵە کارامەییەکانتان جێگیر بکرێن و پاداشتیان پێ بدرێت. لەگەڵمان بن لەم گەشتەدا. مافی ئەوەت بەدەستهێناوە.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئامۆژگاری دەرچووانی کرد و پێی گوتن، "گەشتی ئێوە وەک کوردستانییەک لێرەوە دەستپێدەکات، لە ئامێزی بگرن و لە ئاسۆ مەترسن بەڵام هەرگیز لە یادتان نەچێت لە کوێوە هاتوون، هەمووتان مافی ئەوەتان بەدەستهێناوە کە گۆڕانکاری دروست بکەن، بەرەو پێشەوە بڕۆن و بگەشێنەوە".

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەڕێزان، قوتابیانی خۆشەویست، دەرچووانی ئازیز:
میوانان و کەسایەتییە بەڕێزەکان.

پێش هەموو شتێک بەخێرهاتنێکی زۆر گەرم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی ئەم ئێوارەیە کۆبوونەتەوە بۆ ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ی زانکۆی کوردستان - هەولێر.

بۆ هەموو دەرچووان، پیرۆزباییتان لێدەکەم.

بۆ ئەو خێزانانەی ئامادەی ئەم بۆنەیەن، سوپاسی ئەو پشتگیرییەتان دەکەم پێشکەشی کوڕ و کچەکانتان کردووە.
خوێندنی زانکۆ هەوڵێکی بەکۆمەڵە و ئەو ڕۆڵانەی خێزانەکان دەیگێڕن، ئەو قوربانییەی دەیدەن زۆرجار لەبەرچاو ناگیرێت. 

هەروەها دەمەوێت سوپاسی فاکەڵتی و وانەبێژان بکەم کە خوێندن و پەروەردەیان لە سەرووی پێداویستییە کەسییەکانیانەوە داناوە. لە هەندێک کاتدا، دڵنیام، ژیانی خۆیان، و خێزانەکانیان، پشتگوێ خستووە بۆ ئەوەی ئەو کاتەتان پێ بدەن کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی نمرەی باشتر.

ساڵی ڕابردوو کاتێک لەسەر ئەم پۆدیۆمە وەستابووم، ئەو دەرفەتە گەورانەم بە دەرچووان ووت کە چاوەڕێیان دەکرد، لەکاتێکدا هەنگاوەکانی داهاتوویان لە ژیاندا هەڵدەهێنا. هەروەها کارنامەی گۆڕانکارییەکانی حکومەتەکەم خستەڕوو، کە گۆڕانکاری دەکات لە شێوازی کارکردنمان لە کوردستان و چۆنیەتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ جیهان.

ئەو کاتە ئەوە هیوای من بوو، ئەم دوو گۆرانکارییە؛ باشترین و درەوشاوەترین دەرچووانی کوردستان لە لایەک، باشترین کردار و رێکارەکانی جیهان لە لایەکی دیکەوە، سەلمێنەری تەواوکاری یەکترن.

خۆشحاڵم دەبینم ئەمشەو بەڕاستی ئەمە ڕوودەدات؛ ئەو رێکارانەی ئێمە گرتوونمانەتەبەر ئەو دەرفەتانە دروستدەکات کە من پێشبینیم دەکرد. لە چەند ساڵی داهاتوودا، دەرچووانی کوردستان دەستیان بە هێزێکی کار دەگات کە بەڕاستی بتوانێت دەست لە کارامەییەکانیان دەربخات و تواناکانیان بسەلمێنێت.

بۆ ئەوانەی ئەمشەو لێرەن و دەیانەوێت ئاڵنگاری بکەن، یان دەیانەوێت بە بیرۆکەکانیان ئاڵنگاری ئێمە بکەن، دەرفەتمان هەیە بۆتان.. بۆ ئەوانەی دەیانەوێت شوێنی خۆیان وەک خاوەنکار بگرن، یارمەتی و قەرزمان لەبەردەستە بۆتان. هەرکەسێک دەیەوێت لەگەڵمان بێت لە گەشتی گۆڕانکارییەکەماندا پێشوازی لێدەکرێت.

ساڵی ڕابردوو کەرتی کشتوکاڵمان هەمەچەشن کرد، ئێستا لە پرۆسەی گۆڕینیداین بۆ هەناردەی پیشەسازییەکی گەشەسەندوو، کە دەبێتە بزوێنەر بۆ زۆرێک لە بوارەکانی دیکەمان. لەم بارەیەوە پێویستمان بە یارمەتی دەبێت. زنجیرەی دابینکردن بۆ گەیاندنی بەرهەمەکان لە کێڵگەکانەوە بۆ ڕەفەی مارکێتەکان چەندین سیستمی بازرگانی و ئابووری پێویستە، هەروەها توانای بەرگەگرتن و دینامیزمی ئەو پێکهاتەکان هەتە. پێویستمان بە یارمەتی دەرچووانە لە دیسیپلینە جیاوازەکام بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە لەم پیشەسازیی سەردەمدا.

کارەکانمان بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی دیجیتاڵی بەردەوامن لە پەرەسەندن. بەم زووانە مامەڵە سەرەکییەکان لەگەڵ حکومەت لە ڕێگەی پارەدانی دیجیتاڵییەوە ئەنجام دەدرێن و لە ڕێگەی سیستەمێکی بانکیەوە هەموو کوردستانییەک بە ئابووری جیهانییەوە دەبەسترێتەوە. دەرفەتمان دەبێت بۆ ئەو دەرچووانەی دەیانەوێت یارمەتیدەرمان بن لە جێگیرکردنی ئەم کەرتە نوێی و سەرنجڕاکێشە، کە بە سەرکەوتنی دەرفەتەکان لە کەرتی بازرگانیماندا دەکاتەوە.

بەرێزان؛

حکومەتەکەم هەمیشە پەروەردە لە کارە لەپێشینەکانی بووە. پابەندم بە کارکردن و هاوکاریکردنی گەنجەکانمان کە گەورەترین سەرمایەی ئێمەن. هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێگای بوون بە نەتەوەییەکی پڕ زانست و زانیارییە؛ نەتەوەیەک بیرۆکە داهێنەرەکانی داهاتوو بەرهەم دەهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی خۆراک و هەژاری؛ و وەبەرهێنان دەکات لە تەکنەلۆژیا و دەستپێکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گشتی و تایبەتەوە؛ ڕۆڵی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگێڕێت بۆ پێشخستنی پرسە جیهانییەکان.

ساڵی ڕابردوو بەڵێنی گەورەم گوێ لێبوو، باوەڕم وایە دیدگای ئێمە و توانا و لێهاتوویی گەنجانمان بۆ هاندانی گۆڕانکاری و داهێنان لە پرۆسەی بەدیهێناندایە. بێ گومان هەندێکتان ئێستا دەگەڕێن بەدوای دەرفەتەکاندا لە هەندێک لە دامەزراوە ئەکادیمییە پێشەنگەکانی جیهان. پەیامێکم هەیە بۆ ئەوانەی بە دوای ڕێگایەکی لەو شێوەیەدا دەگەڕێن؛ ئاهەنگ دەگێڕین بۆ سەرکەوتنەکانتان، و بە باوەشی کراوە پێشوازیتان لێدەکەینەوە. وزە و دەستکەوتەکان لە ئامێز دەگرین. دڵنیاتان دەکەمەوە، دەرفەتی زیاترتان بۆ  دەرەخسێنین و کە گەڕانەوە، یارمەتیدەر بن لە بنیاتنانی وڵاتەکەمان.

دەمەوێت ببینم هەموو دەرچوێکی کوردستانی دەنگی خۆی هەیە لە هەموو بابەتەکان ئەمڕۆ و ئەوانەشی کە لە داهاتوو و ئاسۆ چاوەڕێمان دەکەن.

ئەو داهاتووەی ئێمە ئاواتەخوازین، ئەو داهاتووەیە دەنگی ئێمە لە کۆمەڵگەیدا ببیسترێت. شوێنێک بیرۆکە و داهێنان و ماندووبوون و کارگێڕی یارمەتیدەر بن لە گۆڕینی کۆمەڵگاکەمان و نەخشاندنی چارەنووسی گەلەکەمان. شوێنێک کە ماندووبوونت سوودی دەبێت و شانازی پێوە بکەیت و بە خۆت بڵێیت بنیادنەری نەتەوە.

بەڕێزان، ئەمەیە کە ئەمڕۆ پێشکەش دەکرێت، دەرفەتێکە بۆ دانیشتن لەسەر مێزی ئەوانەی دەیانەوێت گەلی کورد بنیات بنێن، سوودوەرگرتن لە باشترینەکان، ئەو باشترینانە پێشکەشی بکەین و یەکگرتووبین بۆ بنیادنانی ئابووری و کۆمەڵگایەک کە تواناکانمان وەک گەلێک تێدا رەنگبداتەوە و بەدیبێن.

هەموو ئامرازی پێویستتان بۆ سەرکەوتن بۆ دابیندەکەین. ژینگەیەک دروست دەکەین تێیدا کارامەیی و شارەزایتان رەنگبداتەوە و پاداشت بکرێن. لەگەڵمان بن لەم گەشتە. ئەو مافەشتان بەدستهێناوە.


لە کۆتاییدا چەند ئامۆژگارییەکتان بۆ بەجێدەهێڵم. وەک کوردستانی گەشتەکەت لێرەوە دەست پێدەکات. لەباوەشی بگرە و لە ئاسۆ مەترسە، بەڵام هەرگیز لەبیرت نەچێت لە کوێوە هاتوویت. هەر یەکێک لە ئێوە مافی دروستکردنی جیاوازی بەدەستهێناوە. بۆ پێشەوە برۆن و سەرفراز بن.
 
زۆر شانازی بە هەمووتانەوە دەکەم.
سوپاس.