پەکەکە لە چیای قەرەچووغ خاڵە سەربازییەکانی رادەستی سوپای عێراق کرد

وێنە: چیای قەرەچووغ، ئەرشیف.
وێنە: چیای قەرەچووغ، ئەرشیف.

K24 – هەولێر:

چەکدارەکانی پەکەکە خاڵە سەربازییەکانیان لە چیای قەرەچووغ چۆڵکرد و رادەستی سوپای عێراقیان کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەپێی بەدواداچوونێکی کوردستان24؛ کاتژمێر (4)ـی ئێوارە، پەکەکە چەکدارەکانی خۆی لە خاڵە سەربازییەکانی  سەر چیای قەرەچووغ، دەوروبەری کەمپی مەخموور کشاندەوە و سوپای عێراقیش جێگەی گرتنەوە.

هەر بەپێ زانیاریەکان، ئەو هێزەی کە چووەتە شوێنی چەکدارانی پەکەکە فیرقەی 14ـی سوپای عیراقن و ئاڵای عێراقیان لەو ناوچەیە هەڵکردووە.

لەبارەی ژمارەی ئەو خاڵە سەربازیانە، بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، ژمارەیان چوار خاڵی سەربازی و ژمارەیەک تونێلە کە دەکەونە سەر چیای قەرەچووغ.

هۆکاری چۆڵکردنی بارەگاکانی پەکەکە و رادەستکردنەوەیان بە سوپای عێراق دوای ئەوە دێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە حکومەتی عێراقی راگەیاندبوو، بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە هاوکارییەکانیان نانێرن بۆ خەڵکی کەمپی مەخموور، هەروەها لەلایەکی دیکەوەش بەردەوامی بۆردومانەکانی فڕۆکەکانی تورکیاش هۆکارێکی دیکەی چۆڵکردنی ئەو خاڵە سەربازیانەن.

هاوکات بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پەکەکەش، ئەو چەکدارانەی کە دەوروبەری کەمپی مەخمووریان چۆڵکرد گواستراونەتەوە بۆ چیای قەندیل.