یەکەم بەنداو لەسەر زێی گەورە دروستدەکرێت

وێنەیەک لە رێورەسمی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی دروستکردنی بەنداوی مەنداوە
وێنەیەک لە رێورەسمی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی دروستکردنی بەنداوی مەنداوە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنداوی مەنداوە لەسەر زێی گەورە لە سنووری پارێزگای هەولێر کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستدەکات.

رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی دروستکردنی بەنداوی مەنداوەی لەسەر زێی گەورە راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەکردووە، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لەگەڵ سەرپەرشتیار و نوێنەرایەتی  پرۆژەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (ئەرتێلیا)ـی راوێژکاری فەرەنسی و کۆمپانیا هاوبەشەکان، بۆ هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی دەستپێکردنی گرێبەستی تایبەت بە کۆمپانیای راوێژکاری و پێداچوونەوەی لێکۆڵینەوە و دیزاین و سەرپەرشتیاری بەنداوی مەنداوە، لەسەر زێی گەورە لە سنووری پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکە، چەند سیمینارێک لە بارەی پرۆژەکە پێشکەشکران، کۆنووسی رادەستکردنی شوێنی کار و دیکۆمێنتی لێکۆڵینەوە و دیزاینی بەنداوەکە ئیمزا کرا و درایە کۆمپانیای جێبەجێکار.

هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەک هەنگاوی یەکەمی دەستپێکردنی پرۆژەکە دیاریکرا و ئەو قۆناغە شەش مانگ دەخایەنێت و کاری ئامادەسازی بۆ پلانسازی قۆناغی دووەم دەکرێت، کە قۆناغی دروستکردنی بەنداوەکەیە وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی ئاو لەسەر زێی گەورە وەک یەکەم بەنداو.