سوودانی: رەتیدەکەینەوە پرسی فەڵەستین بۆ پرسی ئاوارەبوون و یارمەتی مرۆیی بگۆڕدرێت
K24 - هەولێر:
سهرۆكوهزیرانی عێراق رەتی دەکاتەوە پرسی فەڵەستین لە پرسی خاک و گەل بگۆڕدرێ بە پرسی ئاوارەبوون و یارمەتی مرۆیی.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکیدا کە لە رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاوەکردووتەوە دەڵێت: "ئێستا کاتی ئەوەیە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی هەڵوێستیان یەک بخەن بەرامبەر پرسی فەڵەستین بۆ کۆتاییهێنان بەو نەهامەتیانەی یهك سەدەیە بەردەوامە."
سوودانی له درێژهی وتارهكهیدا دهڵێت: "هەڵوێستمان روون و چەسپاوە لە بارەی مافی فەڵەستین لەوەی مافی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە کە پایتەختەکەی قودس بێت، هەوڵیش دەدەین گەلی فەڵەستین بە مافە رەواکانی بگات لە ژیان کردن بە ئاشتی لەنێو دەوڵەتە سەربەخۆکەی کە چێژ لە سەروەری و ئاسایشی خۆی ببینێ."
لهلایهكی دیكهوه ههر ئهمڕۆ پێنجشهممه یواف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل له پهیامێكدا كه ئاراستهی سوپای وڵاتهكهی كردووه رایدهگهیهنێت، چوونە نێو غەززە باجی دەوێ و بۆ دانی ئەو باجە ئامادەن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، چەکداران و ئەندامانی حەماس لەبەردەم دوو بژاردەن، یا خۆ بەدەستەوەدان یانیش مردن.
یواف گالانت ههروهها ئاماژهی بهوه كردووه، فڕۆکەکانیان دەگەنە هەموو شوێنێک ،هەر مووشەکێک ناونیشانێکی هەیە و دەگەنە هەر تاکێکی حەماس.
هاوكات گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کوژرانی 306 سەربازی سوپاکەیان بە خانەوادەکانیان راگەیاندووە لەگەڵ ئەوانەی لەلایەن بزووتنەوەی حەماس ڕفێندراون و ژمارەیان گەیشتووهتە 203 سهرباز.
بەپێی دوایین ئامارەکان، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە، تا ئێستا زیاتر لە 3500 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش 10 ههزار کەسی تێپهڕاندووه.