شەش ساڵ بەسەر داستانی پردێ "ئەبرامز شکێنەکان" تێدەپەڕێت

داستانی پردێ
داستانی پردێ

K24 – هەولێر:

شەش ساڵ بەسەر داستانی پردێ تێدەپەڕێت کە لای هاووڵاتییانی باشووری کوردستان بە داستانی " ئەبرامز شکێنەکان" ناسراوە، کە لەو رۆژەدا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێگەیان نەدا، هێزە عێراقییەکان کە بە چەكی نوێ و پێشكەوتووەوە بەرەو شاری هەولێر پێشڕەوی دەکرد، زیاتر خاکی کوردستان داگیربکات.

دوای هێرشی هێزە عێراقییەکان بە پشتیوانی هێزەکانی لایەنێکی کوردستانی لە (16ـی ئۆکتۆبەری 2017) شاری کەرکووک و دووزخورماتوویان داگیرکرد، خواست و ئامانجەکانیان بۆ داگیرکردنی هەرێمی کوردستان زیاتر ئاشکرابوو، بۆیە دوای چەند رۆژێک هێزەکانیان بەرەو شاری هەولێر پێشڕەوییان کرد.

رۆژی (20ـی ئۆکتۆبەری 2017) هێزە عێراقییەکان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە لە پردێوە هەوڵی هێرشکردنە سەر شاری هەولێریاندا و دەستیان کرد بە پێشڕەوی کردن و تۆپبارانکردنی، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

بەڵام لە پردێ، دوای بەرگرییەکی سەختی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی قورس، هێزە عێراقییەکان لە هەنگاونان بۆ داگیرکردنی زیاتری خاکی کوردستان وەستێندران و سنوورێک بۆ پێشڕەوییەکانیان دانرا.

ئامانجی هێزە عێراقییەکان وەستان نەبوو لە هێلێکدا، بەڵکو هەوڵی سڕینەوەی هەرێمی کوردستانیان دەدا، بەڵام هێزی پێشمەرگە گورزی گەورەی لێوەشاندن و وانەی مێژوویان بەبیر هێنانەوە، کە رژێمەکانی پێشووی عێراق نەیانتوانی هەرێمی کوردستان بسڕنەوە، ئەوانیش ناتوانن بەرامبەر هێز و ئیرادەی گەلی کورد بوەستنەوە و خاکیان داگیربکەن.

لەو داستانەدا، تانکێکی ئەبرامزی ئەمەریکی، کە یەکێکە لە بەهێزترین تانکەکانی جیهان و بۆ شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش درابوو بە هێزە عێراقییەکان، کەچی لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بەکارهێندرا و لەلایەن پێشمەرگەوە سووتێندرا، ئەم داستانەش بە داستانی پردێ و ئەبرامز شکێنەکان ناسرا.

به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، جگه‌ له‌ له‌ده‌ستدانی كه‌ركووك، كورد له‌ ئیداره‌ی شاره‌كه‌دا 142 پۆستی ئیداری له‌ده‌ستدا، هەروەها سێ ھەزار ماڵی شاره‌كه‌ تاڵانكران و 200 ماڵ و پێنج دەزگای راگەیاندن سووتێندران، لەگەڵ ئەوەشدا 53 ھەزار خێزانی كوردیش کە زیاتر لە 200 هەزار کەس دبوون ئاوارەبوون و بەشێکیان تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر زێد و ماڵی خۆیان.