خاڵێکی بڕیاری مانەوەی سوپای تورکیا لە عێراق و سووریا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

پەرلەمانی تورکیا
پەرلەمانی تورکیا

K24 – هەولێر:

دوای پەسەندکردنی بڕیاری مانەوەی سوپای تورکیا لە عێراق و سووریا لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە، بەڵام کاردانەوەکان لەبارەی خاڵێکی ئەو پێشنیازەبڕیارە کە باس لە هاتنی سەربازانی بیانی دەکات بۆ نێو خاکی تورکیا، کاردانەوەی لەناوخۆی ئەو وڵاتە لێکەوتووەتەوە.

مشتومڕەکان لە بارەی پێشنیازەبڕیاری مۆڵەتی مانەوەی سوپای تورکیا لە عێراق و سووریا بەردەوامن، لە کۆتا پێشهاتدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووەتە نێو مشتومڕەکان و لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە هۆکاری بوونی ئەو خاڵێک لەبارەی  هاتنی سەربازانی بیانی بۆ نێو خاکی وڵاتەکەیان روونکردووەتەوە.

سەرەڕای رەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەلایەن چەند لایەنێکی نێو پەرلەمانی تورکیاوە، رۆژی (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) خرایە دەنگدان و 357 پەرلەمانتار دەنگی بەڵێیاندا بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی سوپای تورکیا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لە عێراق و سووریا، لەبەرامبەردا 164 پەرلەمانتار رەتیانکردەوە کە بریتین لە پارتی گەلی کۆماری جەهەپە، پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان هەدەپ.

هەرچەندە بڕیاری درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوە و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە عێراق و سووریا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕی، بەڵام مشتومڕەکان لەبارەی رێگەپێدان بە هاتنی سەربازانی بیانی بۆ نێو خاکی تورکیا، کاردانەوەی توندی لەلایەن جەهەپەوە لێکەوتووەتەوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو. سەرۆکی پارتەکە لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە بۆ هاووڵاتییان نارەزایەتی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەربڕیوە.

لە خاڵێکی پرۆژەبڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سوپای تورکیا لە عێراق و سووریا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەکاتی پێویستدا ئاساییە سەربازانی بیانی بێنە نێو خاکی تورکیا"، بەهۆی ئەو ماددەیەوە، جەهەپە رەتیکردەوە دەنگی پێبدات و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی ئەو پارتە رایگەیاند، ئەوان رێگە نادەن پۆستاڵی سەربازانی بیانی بێتە سەر خاکی تورکیا.

دوای ئەوەش، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا هۆکاری بوونی ئەو خاڵەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، ماددەکە تایبەتە بە ئەندامیەتی تورکیا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و هەر لەو چوارچێوەیەدا دانراوە، چونکە ئەگەری هاتنی سەربازان هەیە، لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانیەتییە ئاساییە و بەو پێیەی تورکیا ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەیە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختیشی کردووتەوە، لە 2014ـوە تا ئێستا سەرجەم پێشنیازەکانی تایبەت بە درێژکردنی ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق و سووریا هەمان خاڵی تێدا هەبووە.

راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەکاتێکدایە، رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم، پێشنیازەکە خرایە دەنگدان و 357 پەرلەمانتار دەنگی بەڵێیان بەکارهێنا و مانەوەی سوپا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژکرایەوە، لەبەرامبەردا 164 پەرلەمانتار رەتیان کردەوە کە بریتین لە پارتی گەلی کۆماری جەهەپە و پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان هەدەپ.

چەندین ساڵە سوپای تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی پەکەکە و رێکخراوە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە، ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، لەناو خاکی عێراق و سووریا ئەنجامدەدات و بانگەشەی ئەوەش دەکات، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی و سنوورەکانی بەردەوام دەبێت لە بەگژداچوونەوەی ئەو گرووپانە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیش تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.