هەدەپ: لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لەگەڵ هەر لایەنێک هاوپەیمانی بکەین دەبێت بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت

کۆنگرەی هەدەپ لە 25/10/2023 لە ئەنقەرە
کۆنگرەی هەدەپ لە 25/10/2023 لە ئەنقەرە

K24 – هەولێر:

پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان هەدەپ، رەتی دەکاتەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا بچێتە نێو هاوپەیمانیەتییەکەوە،، ئەگەر رۆڵی چالاکی تێدا نەبێت و بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکرێت.

رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) تولای هاتمئۆغڵولەری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان هەدەپ لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا ستراتیژی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیان روون نییە بەڵام ئەمجارە دەیانەوێت لە ئەگەری دروستکردنی هەر هاوپەیمانیەتییەک، رۆڵی چالاکیان هەبێت و وەک جاری پێشوو لە دەرەوەی بازنەکەدا نەمێننەوە.

هاتمئۆغڵولەری لەبارەی شێوازی بەشداریکردن و هاوپەیمانیکردنی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو راشیگەیاند، ئەم جۆرە هەڵوێستە لەلایەن دەگندەرەکانیشیانەوە رەتکراوەتەوە دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی رابردوو بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ لایەنە هاوپەیمانەکانی دیکە رەخنەیەکی زۆریان ئاراستەکراوە.

هاتمئۆغڵولەری جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ هەر لایەنێک هاوپەیمانیەتی بکرێت، پێویستە لەبەردەم رای گشتی و بەشێوەیەکی ئاشکرا رابگەیەندرێت.

لە چوارەمین کۆنگرەی گشتیی خۆیدا کە لە (15ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەڕێوەچوو، پارتی چەپی سەوز کە لە ساڵی 2012ـەوە دامەزراوە، ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (ھەدەپ) و هەریەکە لە تولای هاتمئۆغڵولەری و تونجەر باکیرهان بە هاوسەرۆکانی پارتەکە هەڵبژێردران.

لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵیش کە پارتی چەپی سەوز نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە دەکرد، توانی لە پەرلەمانی تورکیا 62 کورسی بەدەستبهێنێت.

تونجەر باکیرهان و هاتمئۆغڵولەری، هاوسەرۆکانی هەدەپ
تونجەر باکیرهان و تولای هاتمئۆغڵولەری، هاوسەرۆکانی هەدەپ