دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین: ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی جەنگی حەماس و ئیسرائیل

K24 - هەولێر:

جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێینایە 14ـەمین رۆژ، هەروەها رۆژ بە رۆژیش ئاماری کوژراو و بریندارانیش بەرزدەبێتەوە، هاوکات هەر زوو لە دەستپێکی جەنگەکەدا وڵاتانی زلهێز هاتنە سەر  هێڵ و پشتگیری خۆیان بۆ ئیسرائیل راگەیاند، لەبەرامبەردا بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان پشتگری خۆیان بۆ غەززە راگەیاند و پێیان وایە ئیسرائیل دەیەوێت کوشتارێکی زۆر لەو ناوچەیە بکات و فەڵەستین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسڕێتەوە، لەبارەی لێکەوتەکانی جەنگەکە و هۆکاری دەستپێکردنی جەنگەکە لە کاتێکی واهەستیاردا کە لە ئێستادا جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین، سه‌رۆكی پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) میوانی ژووری هەواڵی کوردستان24ـە و وەڵامی پرسیارەکانی کۆڤان عیزەت دەداتەوە.

کوردستان24: پێتان وایە ئەوانەی خۆیان ناوە ناوە بەرەی بەرگری بەشداری لەو شەڕەدا بکەن؟

دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین: ئەو گرووپە  چەکدارانە بێ خاوەن و بێ سەرۆک نین، بەڵکو سەرکردەی سیاسی و سەربازییان هەیە، واتا بڕیارەکانیان لەدەست تاکە کەس و گرووپی بچووک نییە، هەرکاتێک بڕیاری سیاسی و سەربازی لە  ئاستی لوتکەیانەوە دەرچوو بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو ئەو تۆڕی هێزە چەکدارانەی دیکەی کە بەخۆیان دەڵێن بەرگری، کاتێک بڕیارەکە لە سەروو خۆیان درا ئەو کاتە دەتوانین حیساب بۆ هەڵوێستەکانیان بکەین، هەرکاتێک هەموویان بەکۆمەڵ هاتنە نێو جەنگەکە ئەو کاتە واتە لایەنگیریان راگەیاند، بەڵام ئەوەی کە ئێستا روودەدات دیاردەی گەیاندنی پەیامە، پێناچێت جارێ هیچ لەوانە راستەوخۆ چووبێتنە ناو ململانێکانەوە، گرووپی بچووک لێرە و لەوێ هەر چی بڵێن حیسابی هیچیان بۆ ناکرێت، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەش ترسیان لەو هەڕەشانە هەیە، ترسیان لە پەرەسەندنی ئەو هێرشە درۆنی و ئاسمانیانە هەیە، بەڵام جارێ بەو شێوەیە نیگەران نین، چونکە دەزانن ئەو بڕیارە سیاسی و ناوەندییانەی کە ئەو گرووپانە بۆی ملکەچن، هێشتا نەگەیشتووەتە راگەیاندنی قۆناغی هێرشکردن.

کوردستان24: تۆ ئەو دۆخە چۆن دەبینی، ئایا هیچ بڕیارێک دەدەن یان ئەوەتە ئیدی ئەو جەنگە دەوەستێت و لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە؟

دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین: پرسیارەکەت پەیوەستە بە دوو لایەن، لایەنێکیان پەیوەستە بە شەڕەکەی کە ئێستا لە ئارادایە و مەودای تەشەنەکردنی چەندە؟ دیوەکەی دی پرسیارەکەت باسی ئەو گرووپانە دەکەیت کە لەناو عێراق چالاکن، چونکە هەردووکیان پێکەوە بەستراونەتەوە، ئەگەر پرسیاری جەنابت ئەوەیە ئایا شەڕی ئیسرائیل و غەززە تەشەنە دەکات یان نا؟ بێگوامن تاوەکو ئێستا ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەبووە کە نەهێڵن تەشەنە بکات، چونکە لە بەرژەوەندی هیچ کەسدا نییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا زۆر پەڕینەوەی هێڵی سوور هەیە کە رەنگە لەدەست دەربچێت، دەستپێکردنی شەڕ شتێکە و کۆتایی پێهێنانی شتێکی دیکەیە، ئەو ناوچەیە کە پڕیەتی لە هەموو فاکتەرەکان و پاڵنەرەکانی گەشەسەندی شەڕ ئەوەندە زۆرن، زۆر جار لە دەست ئیرادەی نێودەوڵەتی و هەرێمیش دەردەچێت. ئێستا رەوتی رووداوەکان بە ئاراستەیەکدا دەڕۆن ئەگەر پێداگیری و دانبەخۆداگرتن نەبێت لەلایەن هەموو ئەوانەی کە پەیوەنیدارن قابیلی تەشەنەکردنە، بۆ نموونە ئەگەر بێت و ئیسرائیل بچێتە ناو غەززە و داگیری بکات لە مەودای کورتدا زەنگێکی زۆر خەتەرناکە بۆ هێزەکانی دیکە کە هاوپەیمانن و لەوە دەترسن خۆیان تووشی ئەو شەڕە ببن، کە یەکێک لەوانە حزبوڵڵایە، لە هەمانکاتیشدا هێرشێکی گشتگیر بۆ سەر غەززە، بۆ سەر دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس لێشاوێکی گەورەی پەناهەندە دروست دەکات، کەواتە هێزەکانی ئەو ناوچەیە ئامادە نیین قبووڵی بکەن، بۆیە لە زۆر لاوە سۆزی خەڵک لە کوڵاندایە، سۆزی خەڵکانی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی ئەوەی بەخۆی دەڵێت بەهۆی دۆزی عەرەبییە یان فەڵەستینییە یان دۆزی موسڵمانە هەندێکیان بە شەڕی ڕەش و سپی دەیبینن، وەک جەنگی نێوان موسڵمان و جوولەکە دەیبینن، دوور نییە ئەوانە هەموو ببن بە هاندەر و سوتەمەنی بۆ ئەوەی جەنگەکە تەشەنە بکات، ئەگەری تەشەنەکردن لە ئارادایە، بەڵام تا ئێستا ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە بۆ ئەوەی جەنگەکە لە دەست دەرنەچێت و تەشەنە نەکات.

کوردستان24: هۆکاری بەئامانجگرتنی بنکەی سەربازانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا هۆکارەکەی چییە؟ هەر پەیوەندی بەو شەڕەوە هەیە، ئایا ئەمە کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت؟

دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین: هۆکاریان پێویست نییە ئەوان پێشتر ئەنجامیانداوە و لە ئایندەشدا دیسانەوە و ئەنجامی دەدەن، پێویستیشیان بە هۆکار نییە چونکە مەبەستیانە فشار لەسەر ئەمەریکا بەردەوام بێت، بەڵام ئایا مەبەستیان لەو هێرشە ئاسمانیانە لەو کات و ساتەدا چییە؟، دیارە کە پەیامی تێدایە و راستەوخۆش پەیوەندی ئیسرائیل و غەززەوە هەیە، هەروەها راستەوخۆ پەیوەندی بەو هەڕەشەیە هەیە ئەگەر هاتوو هێزەکانی تری لاینگیر بە غەززە و لایەنگیر بە گرووپی چەکدار، کەوتەنەوە شەڕەوە ئایا هەڵوێستی ئەمەریکا چی دەبێت پەیامی تێدایە و بەبیرهێنانەوەیەکیشە بۆ ئەمەریکا کە ئەگەر شەڕ هاتوو تەشەنەی کرد لە ئاستی ئیسرائیل و غەززە دەرچوو، ئەوا ئەمەریکا دەمێکە بڕیاری داوە کەوا لاینگیر دەبێت و پشتگیری ئیسرائیل دەکات، ئامادەشە ئەگەر بێت لە دەوروبەردا بۆ نموونە حزبوڵڵا بێتە ناو شەڕەوە رەنگە ئەمەریکا چاودێر نەبێت، چونکە مەترسی هێرشی حزبوڵڵا بۆسەر ئیسرائیل چارەنووسساز دەبێت بۆ ئیسرائیل، ئەمەریکا ئەوە بە مەترسییەوەکی زۆر گەورە دەبینێت، بۆیە ئەمەریکا لەخۆی ڕا دەبینێت کە بڵێت دەمەوێت لایەنگیری بکەم، ئەگەر لایەنگیریشیان کرد ئەو هێرشە ئاسمانیانەی ناو عێراق بەبیرهێنانەوەیەکە کە ئەوان لێرەدا دەکرێ هێرشیان بکرێتە سەر و دەبێت چاوەڕێی هەموو پێشهاتێک بکەن، بۆیە دەبێت ئەمەریکا دانبەخۆیدا بگرێت و رێگەنەدات ئەو شتە رووبدات، ئەو پەیامانە کە بە هێرشی مووشەکی دەگەیەندرێت شتی دیکەشی لە پشتە.

کوردستان24: دەبینین لە ناوچەکەدا زۆر شت دەگوزەرێت، ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوە کوێیە؟ بۆ نموونە حەماس و ئیسرائیل لە جەنگدان، ئەرمینیا و ئازەربایجان گرژی هەیە لەنێوانیان، عێراق بەهۆی پاڵپشتیەکانی ئێرانەوە پەیوەندییەکانی لەسەر سنوور کێشەی لەگەڵ کوەیت هەیە، دەبینین لە رۆژئاوا و لە باکوور چی دەگوزەرێت، لێرە شەڕی تورکیا و پەکەکە هەیە، ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێیە؟

دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین: ئەو شەڕانە یان ئەو توندوتیژی و ململانێیانەی کە دەیانبینی ئەمە قۆناغی ئەمڕۆنە، لە سەردەمێک دەژین کە ئەمەریکا لەو ناچەیە کشاوەتەوە، ئەولەوییاتی دیکەی هەیە لە شوێنی دیکە، رێککەوتنێک نییە لەنێوان ئەو هێزانەی کە لەو ناوچانە بۆشاییەکە پڕدەکەنەوە، هێزی هەرێمی خەریکی کێشەمەکێش و لە کێبڕکێدان لەسەر ناوچەکانی نفوس و دەسەڵات، ئەو ناوچەیە کە بووەتە ئەو شانۆیە بەو گرژیانە ئەو نیشانانەی لێ بەدیار دەکەون، ئەو گرژیانەی کە جەنابیشت باسیان دەکەیت جارێ بەردەوام دەبن، هەندێک کپ دەبێت و سەرهەڵدەدات دیاردەی ئەو قۆناغەیە کە هێشتا ئێمە یەکلا نەبووینەوە لەوەی باڵانسێکی هێز لەو ناوچەیە دروست بێت، هێزەکانی ناوچەکەش بپڕژێنە سەر بوونیاتنان و سەقامگیری ئابووری ناوچەکە، ئەوەی کە دەبینین لەو دیاردەیەی کە باسی دەکەین پێشی 10 ساڵ یان 20 ساڵ شەڕی سەرتاسەری هەبووە، بەهاری عەرەبی هەبووە، ئێستا کاتی یەکخستنەوەی هێزەکانی ئەو ناوچەیە، بەڵام ئاییندە بەرەوە کوێ دەچێت پیشبینی لێکردنی قورسە، چونکە هێزە هەرێمییەکانی وەک تورکیا، ئێران، ئیسرائیل و سعوودییە، هێشتا نەگەشتوونەتە ئەو ئاستەی کە بۆیان دەربکەوێت قۆناغی داهاتوو دەبێت قۆناغی ئاشتی و سەقامگیری بێت، قۆناغی بوونیاتنان و سەقامگیری ئابووری بێت، بۆیە ئەو شەڕ و پێکدادانانە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەو شەڕەی ئێستا کە ئێمە دەبینین ئەگەر کورت بێت یان درێژ بێت، ئەگەر تەشەنەش بکات ئەوە گەردەلولێکە تێدەپەڕێت گرنگ ئەوەیە خۆڕاگر بیت و چاودێر بیت و نەبیت بە لایەنگیر، قۆناغی داهاتوو گرنگە دەبێت گرێنتی ئەوە بکەی کە بە زیندوویی لێی دەرباز بیت، بۆیە ئاییندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر جیاوازی نابێت لەگەڵ ئێستایدا، ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت بە هێرشی سەربازی پەیام بنێرن بەردەوام دەبن لەو رەوتە  تاوەکو خۆیان لیی زەرەرمەند دەبن، بۆ نموونە پەیوەندی وڵاتە عەرەبییەکان با تایبەتی وڵاتانی کەنداوە لەگەڵ ئیسرائیل خەریک بوو دەستپێشخەرییەکانی لە دەست فەڵەستین و وڵاتەکانی دیکەی عەرەبی دەردەهێنا، گەیشتە ئەو قۆناغەی کە بوو بە مەترسی بۆ خودی حەماسیش کە دەستپێشخەری شەڕ بوو بۆ خودی هێزەکانی وەک رووسیا و ئاوانی دیکە، ئەو جەنگە لەو کاتە بوو بۆ ئەوەی ئەو پلانانە تێکبدات هاوکات تێکیشی دا، بەڵام تێکدانەکەی سەرتاسەری نییە کاتییە، کە گەردەلولەکە تێپەڕی ئەو رێککەوتننانە دێنەوە مەیدان، رێککەوتنی کەنداو لەگەڵ ئیسرائیل دێتەوە مەیدان، بەڵام لە رووی ئەخلاقی و سیاسی لە رووی جەماوەری قورسە ئەو ریککەوتنە ئەنجامبدرێت لە ئێستادا.

کوردستان24: باس لە سیناریۆی جیاواز دەکرێت، بۆ نموونە باس لەوە دەکرێت کە هەواڵگری رووسیا دەستی لەم جەنگەدا هەیە ئایا پێتوایە؟

دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین: دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان ئەوەی کاتێ یەکێ شەڕەکە دەستپێدەکات و بەردەوامی پێدەدات و یەکێکیش کە سوودمەند دەبێت لە شەڕە، ئەو دووە جیاوازن لە یەکدی ناکرێت ئێمە بە تیۆری پیلانگێڕی سەیری هەموو رووداوێک بکەین، رووسیا لەو بارودۆخە دانییە جەنگێک دەستپێبکات و بە هاندانی رووسیا، حەماس ئەو ناوچەیە تووشی شەڕێکی وا بکات و وڵاتانی دیکە بێنێتە ناوی، بەڵی کاتێک شەڕ دەستپێدەکات وڵاتانی دیکە دێنە ناو شەڕ و لێی سوودمەند دەبن و رەنگە ئاگرەکە خۆش بکەن ئەمە دوو بابەتی جیاوازن رێی تێناچێت یارییەکی هەواڵگری رووسی بێت، چونکە ئەمەیان زۆر قورسە زۆریش گران دەوەستێت لەسەر رووسیا و لەسەر ناوچەکەش، هەڵگیرسانی ئەو شەڕە و بەردەوامبوونی زۆر زیاتری تێدەچیتە لەوەی لایەنێک یان هێزیکی جیهانی بێت ئەو شتە بکات، زەمانێک هەبوو سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و ئەمەریکا کە دنیا لەژێر دەستیان بوو یەکێکیان پیلانگێڕی دەکرد و شەڕی بەرپادەکرد و لە راستیش هەندێک شەڕ هەبوو پلانی بۆ دادەنرا و جێبەجێ دەکرا  لەلایەن وڵاتانی بچووکەوە، بەڵام دەستپێشخەرییەکان لەلایەن وڵاتە زلهێزەکان بوو، بەڵام ئەو سەردەمە نەماوە چونکە ئالیەتی ئەو ناوچەیە گۆڕاوە و ئاڵۆز بووە، رووسیاش لەو ئاستی پێویستی خۆیدا نییە کە بتوانێت فەرمانێک دەربکات و جەنگێک لە شوێنێکی بەو شێوەیە هەستیار هەڵبگیرسێنێت لە دژی دەوڵەتێک کە خۆی لە راستیدا کێشەی لەگەڵدا نییە، ئیسرائیل و رووسیا لەدوو بەرەی جیاوازدا نین، بۆیە رێگەی تێناچێت کە بڵێین رووسیا وایکردووە.

کوردستان24: کاتی هەڵگیرساندنی ئەم جەنگە درووستبوو؟ کە دەبینی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە؟

دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین: بێگومان کاتەکەی پەیوەست بوو بە بارودۆخە دەرەکییەکە، دەستپێشخەری و هەڵگیرسانی جەنگەکە پەیوەست بوو بە بارودۆخی ناو غەززە، ئەو بارە ناخۆشەی کە خەڵک تێیدا بوو، ئەو حکومەتە توندڕەوەی کە ئیدارەی غەززەی دەکرد، ئەوانە بۆ سەرهەڵدانی شەڕ بوو، بەڵام کاتەکەی بۆیە لە ئێستادابوو کە زووتر یان درەنگتر نەبوو، پیدەچێت کە وابێت بەهۆی ئەوەی وردە وردە ئیسرائیل توانی وڵاتانی کەنداو بۆ خۆی رابکێشێت بە وڵاتی میسرەوەش کەوا توانی دەستپێشخەری ئاشتەوایی فەڵەستینیش لەو ناچەیە بخاتە ژێر دەستی خۆی، لەویش گرنگتر هاوپەیمانییەتەکی پاراستن هەیە لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو بۆ یەکتر پاراستن ئەو شتەی کە ئەمەریکا نەیتوانیبوو پێشکەش بە کەنداوەی بکات، ئەوەیان دیوێکی سەربازی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیشی تێدابوو، گەشەیەکی زۆر خێرای کرد وایکرد چەندین وڵاتی کەنداو بێنە سەر ئەم شانۆیە، بەڵام سعوودییە کۆسپە هەرە گەورەکە بوو، کە ئەویش هاتە مەیدان، ئەمەش وایکرد حەماس بۆی دەربکەوێت کە دەستپێشخەری گۆڕانکاری لەدەست ئەو دەردەچێت دەکەوێتە دەست وڵاتانی دەرەوە، حکومەت و ئیدارەی فەڵەستین، ئێرانیش بۆیان دەرکەوت، ئەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر حیسابی ئەوانیش دەبێت، بۆیە هێزەکانی حزبوڵڵا و ئەوانیدیکەش بۆیان دەرکەوت کە تێدا زەرەرمەند دەبن، گەیشتینە حاڵەتێک رەنگە کاتەکەی پەیوەست بێت بەو بارودۆخە دەرەکییە پەیوەست بێت بەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییانەی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، هەروەها لەبیرکردنی دۆزی فەڵەستینیش بوو لەو ناوچەیە ئەولەوییەتی هەموو چووبوو بۆ وڵاتانی دیکە، دۆزی فەڵەستینیش لەبیر بکرێت مانای ئەوەیە ئەو پلانانەی کە هەبووە لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی و بەدەستهێنانی مافی رەوای خەڵکی فەڵەستین ئەوانە هەموو وردە وردە پەراوێز دەخران ئیسرائیل بەردەوام بوو لە پێشکەوتن.

کوردستان24: ئایا ئەم جەنگە هیچ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت کارێک بکات بۆ ئەوەی لە بەرژەونەدی خۆی بێت؟

دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین: ئەو جەنگە راستەوخۆ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، باشترین شتیش کە هەرێمی کوردستان و هەموو پارچەکانی کوردستان بیکەن نەبن بە لاینگیر چونکە دەبن بە قوربانی، ئەولەوییەتیان دەبێت خۆپاراستن بێت لە هەڕەشەی ئەو جەنگە کە وەک ئاشێک رەنگە هێزە بچووکەکان بهاڕێت، بۆ دەرفەت بەڵی دەرفەت دەهێنێت، بەڵام یەکێ دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت کە نێو ماڵی خۆیدا یەکگرتوو بێت بارودۆخی تەواو بێت لەرووی سیاسی، سەربازی و ئابووری، پێشی 10 ساڵ دەکرا بڵێت کورد چۆن بتوانێت دەرفەتی ئەو جەنگە بۆخۆی بقۆزێتەوە، کورد لە کۆندا کە یەکگرتوو بوو لە ساڵی 1991ـەوە دەرفەتی زۆر گەورەی قۆستەوە لە عێراق و لە ناوچەکە، بەڵام ئێستا بارودۆخی کورد لەو ئاستە نییە کە بڵێی دەرفەتی گەورە دروست بکات یان بیقۆزێتەوە، لەو شەڕە هیچ بەرژەوەندیمان نییە، لە هەمووشی گرنگتر لەناوەوە خۆت بەهێز بکەیت و یەکگرتوو بیت، پەیامی حزبی، سیاسی و کۆمەڵایەتی یەک بێت، دەتوانێت دەستپێشخەر بیت و دەرفەت بقۆزیتەوە، ئەگەر دەرفەت کەمیش بوو خۆت دروستی بکەیت، خۆشت بگونجێنی لەگەڵ ئەو هێزە براوانەی کە لەو گۆڕەپانەدا نەخشەی سیاسی دروست دەکەن.