رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا دەدات

K24 - هەولێر

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، کە لە ئێستادا لە 31 وڵات بڵاوبووەتەوە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد، مەترسی هەیە نزیکەی یەک ملیار کەس تووشی کۆلێرا ببن. تیدروس گیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە جنێڤ رایگەیاند، "دەبوو ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ئەو نەخۆشییە لەناو ببرایە، بەڵام لە راستیدا بەرەو گەشەکردن دەڕوات". 

تیدروس ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی راپۆرتەکان، تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 دوو هێندە زیادیکردووە و ئەمساڵ خراپتر دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتیشی: "لانیکەم کۆلێرا لە 31 وڵات بڵاوبووەتەوە، لە ساڵی 2023 یەک ملیار کەس ژیانیان لە مەترسیدا دەبێت، ئەوەش جێگەی نیگەرانییە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە کە لە وڵاتانی بوروندی، کامیرۆن، کۆنگۆ، ئەسیوپیا، تانزانیا، سوودان، سووریا و زیمبابۆی، لە باشووری ئەفریقاش تەشەنەسەندنی خێرای بەخۆوە بینیووە".

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە جنێڤ، "بەهۆی نزیکبوونەوەمان لە وەرزی بارانبارین و سەرما، مەترسی بڵاوبوونەوەی جیددی هەیە کە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیەکە زیاد بکات، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە، لە بەرەوپێشچوونی و سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە لەمساڵدا و لەو وڵاتانەی کە ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر نەخۆشی کۆلێرا تیاندا لەناوبراوە".

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە جنێڤ بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا 582 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 4.5 هەزار کەسیش بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئا: لاڤین عومەر