ئەمەریکا دەڵێت چین خاوەنی 500 کڵاوەی ئەتۆمییە و پەکینیش رەتیدەکاتەوە

کڵاوەیەکی ئەتۆمی
کڵاوەیەکی ئەتۆمی

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، ئێستا چین خاوەنی 500 کڵاوەی ئەتۆمییە؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش زانیارییەکە رەتدەکاتەوە و داوا لە ئەمەریکا دەکات دەرکردنی ئەو راپۆرتانە رابگرێت.

رۆژی هەینی، 20ـی ئۆکتۆبەری 2023، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وەڵامی راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا - پێنتاگۆن کە تێیدا هاتووە، "چین ئێستا خاوەنی 500 کڵاوەی ئەتۆمییە و دەیەوێت تا 2030 ببێتە خاوەنی هەزار کڵاوە" دایەوە و، داوای لە ئەمەریکا کرد، "ئەقڵییەتی جەنگی سارد" جێبهێڵێت و بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە راپۆرتانە رابگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو راپۆرتەی ئەمەریکا هاوشێوەی راپۆرتەکانی پێشترە و گوێ بە راستییەکان نادات، پڕە لە لایەنگیریی و تیۆری هەڕەشەی چین بڵاو دەکاتەوە تا هەژموونی سوپاکەی بمێنێتەوە، چین دژایەتی ئەو کارە دەکات".

ماو نینگ گوتیشی:"داوا لە ئەمەریکا دەکەین ئەقڵییەتی بیرکردنەوەی جەنگی سارد و لۆژیکی سەپاندنی هەژموون جێبهێڵێت، تا ئاقڵانە و بابەتییانە سەیری نیازی ستراتیژی و بنیاتنانی بەرگری نیشتمانی چین بکات، هەروەها بڵاوکردنەوەی راپۆرتی نابەرپرسیارانە لەو جۆرە رابگرێت و کرداری پراکتیکی بۆ راگرتنی سەقامگیری پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات و هەردوو سوپا جێبەجێ بکات."