بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی کۆنفراسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان دەستیپێکرد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 21/10/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق، و  سەرۆکی  کۆمەڵە بانکە ئەهلییەکانی عێراق و ژمارەیەک بانکی ئەهلی عێراقی و ژمارەیەکی دیکە لە بانکی وڵاتانی عەرەبی، کۆنفراسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر دەستیپێکرد.

لە دەستێکی کۆنفرانسەکەدا وەدیع حەنزەل، سەرۆکی کۆمەڵە بانکە ئەهلییەکانی عێراق لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، "لە پانێڵەکانی ئەم کۆنفرانسەدا تیشک دەخەینە سەر کۆمەڵێک تەوەر یەکێک لەوانە پشتیوانکردنی بانکە تایبەتەکانە، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی باش هەبێت بۆ وەبەرهێنان لە هەموو کەرتەکان، کە لەم بوارەدا بەردەستن بە دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانە کە دەتوانن گەشە بە کەرتی تایبەت بدەن، هەروەها باس لە پارەدارکردنی پڕۆژەکان دەکەین، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ رەخساندنی هەلی کار و هاندانی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی لەسەر خەرجییەرکانی حکومەت هەن، کە دەبێ گرنگی زۆری پێبدەین".

گوتیشی: "لەو کۆنفرانسەدا باس لە پەرەپێدانی کەرتی تایبەت دەکەین، رۆڵی دەوڵەت لەو بوارە و ئەو پلانانەی داڕێژراون بۆ پێشخستن و چاکسازی لە کەرتی بانکی، لەپێناو ئەوەی داخوازییەکانی داهاتوو بێنەدی، بۆ ئەوەی کەرتی بانکی حکومی زیاتر رێکبخرێت و لە ئاست پێشکەوتنەکان بێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".

سەرۆکی  کۆمەڵە بانکە ئەهلییەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، تاوتوێی ئەو بەربەستانە دەکەن کە دێنە بەردەم کەرتی بانکی لە عێراق، لەبەر رۆشنای ئەو پلانانەی بانکی ناوەندیی عێراقی دایناوە، بۆ ئەوەی پارەپێدان و پارە وەرگرتن ئاسانتر بکرێت و بە ئەلیکترۆنی بکرێت.

هیواشی خواست رێنمایی و راسپاردەکانی کۆنفرانسەکە ببێتە نەخشەڕێگایەک بۆ بەدهێنانی ئامانجەکان.