ئەمشەو کامێرای پۆینت تو پۆینت لە چەند شوێنێکی هەولێر دەخرێنە کار

K24 - هەولێر

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەمشەو كامێراكانی پۆینت تو پۆینت سەرپێچی تۆمار دەكەن، بەپێی سیستمەكەش خێرایی ژمارەکان کە لەسەر تابلۆکان دیاریكراوە و لە سەرووی ئەو ژمارانەوە كامێراكان سەرپێچی تۆمار دەكەن.

ئەمڕۆ شەممە21 تشرینی یەکەمی 2023، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، بۆ ماوەی هەفتەیەک کامێراکانمان بۆ تاقیکردنەوە بەکار خستبوون، بەڵام ئەمشەو لە کاتژمێر 12ی شەو، هەموو کامێراکانی پۆینت تو پۆینت، لە شەقامی 120مەتری خێرا، دەخرێنە کار.

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، دەڵێ "کامێرا جێگیرەکانمان کە لە چەند شەقامێکی دیکە هەن و پۆینت نین، وەک شەقامەکانی "هەولێر- خەبات، هەولێر-شەقڵاوەیە، هەلێر- کۆیە"، هەمووی دیاریکراوە ئەمشەو هەموو ئەوانەش دەخرێنە کار".

ئاشکراشی کرد، مەودای خێرایی بە هێما دیاریکراوە لەسەر شەقام، رێگای 120 مەتری زۆرترین خێرایی110 یە، بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک، بۆ بارهەڵگریش خێراییەکەی 80، بۆ رێگاکانی تریش هەریەکەیان بەپێی سرووشتی رێگاکەی خۆی  خێرایی بۆ دیاریکراوە.

ئا: لاڤین عومەر